شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی رووداوەکەی خورماتوو: رێگە بەو جۆرە رەفتارە نادەین

11-11-2025
مالیک محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025 خورماتوو ئاڵای کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی رووداوەکەی قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئاڵای هەرێمی کوردستان بە ئاڵای خۆمان دەزانین و ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە". 
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2025/11/11 سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی رووداوەکەی خورماتوو قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوەش کرد: "بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە هۆکار و چۆنییەتیی رووداوەکە دەکەین و رێگە بەو جۆرە رەفتارە نادەین". 
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە قەزای خورماتوو پەلاماری گەنجێکی کوردی دا و دەنگی هاونیشتمانییەکیش لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەبیسترێت کە دەڵێت، پەلاماردانەکە لەسەر ئاڵای کوردستان بووە. 
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداویش لە خورماتوو گوتی، ئەمە چوارەمین دۆخی لەو جۆرەیە لە پارێزگای سەلاحەدین دەبینرێت و هاونیشتمانییان بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە رووبەڕووی پەلاماردان دەبنەوە.
 
ئەم کارەی ئەو سەربازە عێراقییانە دژ بە ئاڵای کوردستان لە کاتێکدایە کە ئاڵای کوردستان بەپێی دەستووری عێراق بە فەرمی دەناسێنرێت و یاساییە، چونکە لە ماددەی "117"ی دەستووری عێراقدا ھاتووە: "ھەرێمی كوردستان ھەرێمێكی فەرمیی ھەمیشەییە، یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان كارپێكراون." جا پەرلەمانی كوردستانیش بە فەرمی ئاڵای كوردستانی ناساندووە، هەر بۆیە لە عێراقدا فەرمی و یاساییە.
 
خورماتوو شارێکی کوردستانییە و دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کۆمەڵێک خانووی ماڵباتانی کورد تەقێنرانەوە و خەڵکێکی زۆری کورد شارەکەیان جێهێشت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرگەی قوتابخانەیەک لە سنە

رۆژی شەممە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای سنە دادەخرێن

بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا و پەتای وەرزی، رۆژی شەممە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای سنە دادەخرێن و خوێندن دەکرێتە ئۆنڵاین.