وەزارەتی پێشمەرگە: سەرکۆنەی "رەفتارە ناشرینەکان"ـی چەند سەربازێکی عێراقی دەکەین لە خورماتوو

11-11-2025
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025 ئاڵای کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ لە خورماتوو چەند سەربازێکی سوپای عێراق پەلاماری هاونیشتمانییەکیان دا کە ئاڵای کوردستانی پێبوو و، وەزارەتی پێشمەرگە لەو بارەیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی ئەو رەفتارە دەکات.
 
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "بە توندی سەرکۆنەی ڕەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین کە لە خورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو."
 
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە داوە، ئەم رووداوە پێشێلکردنێکی روونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە. ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازیی کوردستان، کە بەپێی دەستوو لە عێراقی فیدراڵیی دیموکراتیدار دانی پێدا نراوە و "هیچ کەسێک نابێت بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی توندوتیژی و دەستدرێژی".
 
وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە لایەنی یاسایی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکات کە بە خێرایی هەنگاو بنێن و لێپرسینەوەیەکی جیددی لەسەر ئەم رووداوە بکەن. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا داوایش کراوە کە "بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە بدرێنە دادگە و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردەوە نەخوازراوانە بکرێت کە خزمەت بە ئاشتیی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە ناکات".
 
پێشتر لەو بارەیەوە سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوەش کرد: "بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە هۆکار و چۆنییەتیی رووداوەکە دەکەین و رێگە بەو جۆرە رەفتارە نادەین". 
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سێشەممە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە قەزای خورماتوو پەلاماری گەنجێکی کوردی دا و دەنگی هاونیشتمانییەکیش لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەبیسترێت کە دەڵێت، پەلاماردانەکە لەسەر ئاڵای کوردستان بووە. 
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداویش لە خورماتوو گوتی، ئەمە چوارەمین دۆخی لەو جۆرەیە لە پارێزگای سەلاحەدین دەبینرێت و هاونیشتمانییان بەهۆی ئاڵای کوردستانەوە رووبەڕووی پەلاماردان دەبنەوە.
 
ئەم کارەی ئەو سەربازە عێراقییانە دژ بە ئاڵای کوردستان لە کاتێکدایە کە ئاڵای کوردستان بەپێی دەستووری عێراق بە فەرمی دەناسێنرێت و یاساییە، چونکە لە ماددەی "117"ی دەستووری عێراقدا ھاتووە: "ھەرێمی كوردستان ھەرێمێكی فەرمیی ھەمیشەییە، یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان كارپێكراون." جا پەرلەمانی كوردستانیش بە فەرمی ئاڵای كوردستانی ناساندووە، هەر بۆیە لە عێراقدا فەرمی و یاساییە.
 
خورماتوو شارێکی کوردستانییە و دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کۆمەڵێک خانووی ماڵباتانی کورد تەقێنرانەوە و خەڵکێکی زۆری کورد شارەکەیان جێهێشت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەرگەی قوتابخانەیەک لە سنە

رۆژی شەممە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای سنە دادەخرێن

بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزا و پەتای وەرزی، رۆژی شەممە سەرجەم قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای سنە دادەخرێن و خوێندن دەکرێتە ئۆنڵاین.