وردەکاریی گیانلەدەستدانی هاونیشتمانییەک لە کەلار لە نۆرەی گازی ماڵان دا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
وێنەی ئەو هاونیشتمانییە
وێنەی ئەو هاونیشتمانییە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەنێو نۆرەی خەڵک بۆ وەرگرتنی بوتڵێک گاز، چاوەڕوانیی پیاوێکی تەمەن 56 ساڵ بە مردن کۆتایی هات. 
 
رووداوەکە لەنێوان کاژێر 10 بۆ 11ی پێش نیوەڕۆ روویدا. جەلال حاجی ئەحمەد، شایەتحاڵ و دراوسێی کۆچکردوو، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، بەم شێوەیە رووداوەکەی گێڕایەوە: عەلی حەمەئەمین نەخۆشیی شەکرە و گوشاری خوێنی هەبوو و نزیکەی 45 خولەک لە کەشێکی گەرمدا لە نۆرەی وەرگرتنی گازدا وەستا. 
 
جەلال حاجی ئەحمەد گوتی: "مام عەلی بەردەوام هەڵدەچوو، ئەمڕۆش پێش وەرگرتنی گازەکەی هەڵچوو و تووڕە بوو، بەڵام گازفرۆشەکە وەڵامی نەدایەوە."
 
دوای ماوەیەکی کەم، باری تەندروستیی ئەو هاونیشتمانییە تێکدەچێ و دەکەوێتە سەر زەوی. هەرچەندە دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە، بەڵام گیان لەدەستدەدات.
 
جەلال حاجی ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە "مام عەلی پیاوێکی هەژار بوو، تەواوی کەسوکارەکەی جگە لە خوشکێکی، ئەنفالکراون." 
 
جەلال حاجی ئەحمەد پێی وایە کە تووڕەبوون و نەخۆشییەکەی هۆکاری مردنەکەی بوون و "بریکارەکەی گاز هیچ تاوانێکی نییە و دوو کوڕەکەیشی سکاڵایان لەسەر کەس نییە."
 
لێکۆڵێنەوەی پۆلیس لە رووداوەکە و یاسا چی دەڵێت؟
حوسێن عەلی حەمەئەمین، کوڕی کۆچکردووەکەیە. سەباح محەمەد مارفیش یەکێکە لە کەسوکارەکەی و بە رووداویان راگەیاند، سکاڵایان لەسەر کەس نییە و باوەڕیان وایە مردنەکە بەهۆی نەخۆشییەکانییەوە بووە. 
 
 
بەڵام پۆلیس شتێکی دیکە دەڵێت.
 
پۆلیسی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 411ی یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ گازفرۆشەکە دەرچووە و "کەسوکاریشی سکاڵایان تۆمارکردووە."
 
عەقید سۆران حەمە غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە (بەرپرسیار)دا گوتی: "گازفرۆشەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و راگیراوە. هەر مردنێک گومانی لەسەر بێت، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکاتەوە، ئینجا سکاڵا هەبێت یان نا."
 
 گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوە کرد، تەرمی قوربانییەکە بۆ توێکاری رەوانەی پزیشکی داد کراوە و چارەنووسی گازفرۆشەکەش بەپێی راپۆرتی پزیشکی، گوتەی شایەتحاڵان و بەڵگەکانی دیکە یەکلایی دەبێتەوە. 
 
عەقید سۆران حەمە غەریب ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەگەر کەسوکاری کۆچکردووش دەست لە سکاڵا هەڵبگرن، دادگە کاری خۆی دەکات، بەڵام لێخۆشبوونەکەش لەبەرچاو دەگرێ."
 
یونس حەسەن، پارێزەر، پێی وایە کە سەلماندنی بەرپرسیارێتیی تاوانکاری لەسەر گازفرۆشەکە "زۆر زەحمەتە" و دەڵێ: "ناتوانرێ بە راپۆرتی پزیشکی بسەلمێندرێ کە کەسەکە بەهۆی دڵتەنگی و دەمەقاڵێوە کۆچی دوایی کردووە."
 
سترێس و نەخۆشییەکانی دڵ
سوارە عەلی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ، لە (بەرپرسیار)دا گوتی کە ئەو کەسانەی شەکرە و گوشاری خوێنیان هەیە "چوار هێندەی کەسی ئاسایی" مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ هەیە و 50%یان بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە گیان لەدەستدەدەن. 
 
دکتۆر سوارە دەڵێت: "سترێس هۆکارێکی سەرەکییە و لە پلەی سێیەمی هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دێت." 
 
ئەو پزیشکە پێی وایە کە تووڕەبوون، قەرەباڵخی و سترێسی نۆرەگرتنەکە، دەکرێ هۆکار بووبن بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان و تێکچوونی باری تەندروستیی هاونیشتمانییەکە.
 
کەیسەکە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادگەیە و چاوەڕوان دەکرێ راپۆرتی پزیشکی دادی وردەکاریی زیاتر لەبارەی هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانەکە ئاشکرا بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە