وەزارەتی شەهیدان دۆسیەی 312 کەسی وەکو تاقانەکانی جینۆساید پەسندکرد

13-07-2021
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن تاقانەکانی جینۆساید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی شەهیدان بە فەرمانێکی وزاری، لیستی 312 تاقانەی جینۆسایدی پەسند و بڵاوکردەوە.
 
بەپێی فەرمانێکی وزاریی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە ژمارە 115 لە 06-07-2021 دەرچووە، ناو و واژۆی وەزیری شەهیدانی بەسەرەوەیە، 312 کەس وەکو تاقانەی جینۆساید پەسندکراون.
 
وەزارەتی شەهیدان روونیکردووەتەوە، دوای پێداچوونەوە و وردبینیکردن بۆ دۆسیەی 418 کەس، بڕیاردرا بە پەسندکردنی دۆسیەی 312 کەس وەکو تاقانەی جینۆساید، دۆسیەی 42 کەسیش رەتکراوەتەوە و 64 دۆسیەش داواکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان گەڕێندرایەوە، بەهۆی ئەوەی ناتەواوی لە بەڵگەنامەکانیان بۆ دۆسیەکانیان هەبوو.
 
عادل مەلا ساڵح، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بە فەرمانی وەزیری شەهیدان، لیژنەی پێداچوونەوە و وردبینی لە دۆسیەی تاقانەکانی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و دوای چەندین مانگ کارکردن، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە 312 کەس شایستەن بۆئەوەی بەپێی یاسای چاکسازی پەسند بکرێن. بە فەرمانی وەزیر بڕیاردراوە ئەو کەسانە مووچەکانیان بۆ رێکدەخرێت و وەکو تاقانەی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان دەناسرێن و لەو رۆژەوەی ناسێندراون و پەسندکراون، هەموو مافێکی داراییان بۆ دابیندەکرێت. ئەوانەشی دۆسیەکانیان رەتکراوەتەوە، دیارە مەرجەکان نەیگرتوونەتەوە یان دۆسیەکانیان هەندێک بەڵگەنامەی کەمە".
 
تاقانەکانی جینۆساید ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لە ئاکامی جینۆساید و کارەساتە گەورەکانی وەکو کیمیاباران و ئەنفال لەدەستداوە.
 
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتی، ئەوەی کراوە بەگوێرەی "یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020ی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان بووە. هەنگاوی زۆر باش نراون و بەرهەم و ئەنجامی لیژنەکانی چاکسازی دەردەکەون. هەنگاو لە چاکسازیکردن لە لیستی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، تاقانەکانی جینۆساید و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی نراون".
 
سەبارەت بەو 64 کەسەی داواکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان گەڕێندراوەتەوە، عادل مەلا ساڵح ئاماژەی بەوە کرد "ئەگەر بەڵگەنامەکانی ناو دۆسیەکانیان تەواو بکەن، دووبارە دەگەڕێتەوە 'لیژنەی پێداچوونەوە و وردبینی لە دۆسیەی تاقانەکانی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان' و ئەگەر بەڵگەنامەکان تەواو بوو، ئەو کاتە وەکو 312 کەسەکە مافیان هەیە".
 
هەروەها بەپێی یاساکە وەزارەتی شەهیدان مەدالیایەکی تایبەت بە تاقانەکانی جینۆساید دەبەخشێت؛ رەچاوی باری تەندروستییان دەکرێت و ئەو ئەرکەش لە ئەستۆی حکومەت دەبێت.
 
دەقی فەرمانی وزاریی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
ـ
 لیستی ناوی تاقانەکانی جینۆساید - 1
ـ
لیستی ناوی تاقانەکانی جینۆساید - 2
ـ
لیستی ناوی تاقانەکانی جینۆساید - 3
ـ
لیستی ناوی تاقانەکانی جینۆساید - 4
ـ
لیستی ناوی تاقانەکانی جینۆساید - 5

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە