رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای ئێران بڕیاری دادگەی شۆڕشی ورمێ بۆ لە سێدارەدانی میحراب عەبدوڵڵازادە، گەنجێکی کوردی تەمەن 27 ساڵانی خەڵکی شارەکە کە لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 دەستگیرکراوە، پەسند کرد.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، سزای لەسێدارەدانی میحراب عەبدوڵڵازادە، لە لایەن لقی 9ی دادگەی باڵای ئێرانەوە پشتراستکراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژی پێنجشەممە، 18ی کانوونی یەکەمی 2025، مێحراب عەبدوڵڵازادە کە ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ راگیراوە، لە بڕیارەکە ئاگادار کراوەتەوە.
میحراب عەبدوڵڵازادە پاییزی ساڵی 2022 دەستگیرکرا و هاوینی ساڵی رابردوو لە لایەن لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە بەتۆمەتی "بەغی" واتا ئەندامێتی لەو گرووپانەی دژی حکومەتی ئیسلامی چاڵاکی چەکدارانەیان هەیە، بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
میحراب عەبدوڵڵازادە بە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیج، کە هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانە، تۆمەتبار کراوە.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە زیاترین سزای لەسێدارەدان تێیدا جێبەجێ دەکرێت.
رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لەنێویاندا رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێن، ئێران دوای چین، دووەمین وڵاتە کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی رێکخستنی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 503 کەس لە ئێران بە تۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ