رووداو دیجیتاڵ
لەتیف رەشید، وەزیری پێشووی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێرکرد.
دکتۆر سیروان سیرینی ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەتیف رەشید، بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێرکردووە و ئەمڕۆ سەردانی پەرلەمانی عێراقی کردووە".
ئەمە چوارەم کوردە، کە بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بەربژێر دەکات، دوێنێ چوارشەممە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی ناوی خۆی تۆمارکرد. پێشتریش هەر یەک لە حاکم رزگار و خالید شێخ سدیق، وەکو کەسایەتیی سەربەخۆ، خۆیان بەربژێرکرد.
رۆژی دووشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆ بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کردەوە و شەش مەرجی بۆ ئەو کەسانە داناوە، کە دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەن.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد بەپێی ماددەکانی 2 و 3 لە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012، یاسای حوکمەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکاتەوە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا دەکات ئەو کەسانەی ئارەزووی خۆبەربژێرکردنیان بۆ ئەو پۆستە هەیە و مەرجەکانیان تێدایە بە نووسراو داواکارییەکانیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن و هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانییان لەگەڵدابێت، رادەستی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران-کۆشکی کۆماری بکەن، لە کاژێر 9 تاوەکو 3ی پاش نیوەڕۆ لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە کە دەکاتە 11 و 12 و 13 ی کانوونی دووەمی 2022، بەرامبەر بەوە وەسڵێک وەربگرن کە بیسەلمێنێت داواکارییان پێشکەشکردووە.
مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق:
یەکەم: عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
دووەم: هەموو شیاوییەکانی تێدابێت و 40 ساڵی تەمەنی تەواوکردبێت.
سێیەم: خاوەن ناوبانگێکی باش بێت و ئەزموونێکی سیاسیی شایەتی بۆدراو بێت بە بێگەردی و راستی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتیمان.
چوارەم: بڕوانامەی لە بەکالۆریۆس کەمتر نەبێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق پەسندکرابێت.
پێنجەم: بە تاوانی پەیوەست بە شەرەف سزا نەدرابێت.
شەشەم: لەو کەسانە نەبێت کە رێوشوێنەکانی یاسای لێپرسینەوە و دادوەری بیگرێتەوە، یان هەر رێوشوێنێک کە جێگەی دەگرێتەوە.
د.عەبدوللەتیف رەشید کێیە؟
- ساڵی 1944 لە سلێمانی لەدایکبووە
- ساڵی 1968 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی شارستانی لە زانکۆی لیڤەرپوول بەدەستهێناوە
- ساڵی 1976 دکتۆرای لە زانکۆی مانچستەر بەدەستهێناوە
- لە یەمەن و سعودیە بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی FAO بووە
- ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی INC بووە
- ساڵی 1986 نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە لە بەریتانیا
- ساڵی 2003 بووەتە وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ