رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر دوو کەس بە سووکی برینداربوون. رەتیشیکردەوە هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەولێر هەبێت، وەک ئەوەی هەندێک لایەنی ئێرانی بانگەشەی بۆ دەکەن.
دوای هێرشە مووشەکییەکەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 13-3-2022 بۆ سەر شاری هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئامانجی هێرشەکە کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکا بووە، بەڵام مووشەکەکان شوێنی خۆیان نەبپێکاوە و لەو شوێنانە کەوتوونەتەوە خوارەوە، کە شوێنی سڤیلن، بۆ نموونە کەناڵی کوردستان 24 هەرچەند ئامانج نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نزیکی رووداوەکە بووە زیانی بەرکەوتووە".
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، لە هێرشەکاندا دوو هانیشتمانی برینداربوون و گوتی: "یەکێكیان شوفێرە، لە ئەنجامی شکانی جامی ئۆتۆمبێلەکەی بریندار بووە، ئەوی دیکەش پاسەوانی باخێک بووە لە نزیک شوێنی رووداوەکە".
سەبارەت بە شوێنی هاوێشتنی مووشەکەکان، ئومێد خۆشناو گوتی" :وەکو لایەنە فەرمییەکان بڵاویانکردووەتەوە، کارەکە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و عێراق بووە و 12 مووشەک بووە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
ئومێد خۆشناو، سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "پایتەختی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامانجی تیرۆرستان بووە. بۆ ئێمە وەکو ئیدارەی هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگەی دڵخۆشییە کە خەڵکانێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێنە سەر هێڵ و سەرکۆنەی دەکەن، ئێمەش جارێکی دیکە سەرۆکۆنەی هێرشەکە دەکەین و دڵنیایی دەدەینە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەولێر، کە لەسایەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەولێر ئارامە و بەو کردەوانە ناشێوێت".
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ئەو مووشەکانەی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 13-3-2022 ئاراستەی هەرێمی کوردستان کران و لە نزیک باڵەخانەی کۆنسوڵخانە نوێکەی ئەمریکا کەوتنە خوارەوە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون.
هەندێک لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێرشەکە بۆ سەر بنکەیەکی ئیسرائیل لە هەولێر بووە، بەڵام پارێزگاری هەولێر لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا، رەتیکردەوە کە هیچ بنکە و شوێنی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت وەکو لە ئێران بانگەشەی بۆ کراوە، گوتیشی، "دەمێکە بابەتی ئیسرائیل و ئەوانە باسی لێوەدەکرێت کە هیچ بنەمایەکی نییە، ئیسرائیل لەو شوێنە نەبووە وەکو باس دەکرێت، تەنیا کۆنسوڵخانەی نوێی ئەمریکای لێیە کە بەشێکی تەواو بووە، ئەو شوێنانەی زیانی بەرکەوتووە شوێنی سڤیلن و تەنیا ئەوان بوون".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و گوتی، هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی دەستووریی لەچوارچێوەی عێراقدا، بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبووە و پەیوەندییەکانیش ئاسایی بوون. گوتیشی تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان بەرپرسانی ئێران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو رووداوە نەبووە، "بەڵام بە دڵنیاییەوە پەیوەندی دەبێت و لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان هەڕەشە نییە لەسەر هیچ دراوسێیەک".
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی، ئەو جۆرە هێرشانە تەنیا دژ وەستانەوەیە بە خەڵکی هەرێمی کورستان و نە دژایەتی "ئیسرائیلە و نە ئەمریکا و بۆ هیچ وڵاتێكی دیکە نییە و بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستانە".
هێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری هەولێر کاردانەوەی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی کرد و رایگەیاند، بە ئامانجکردنی بەو شێوەیەی هەولێر و دووبارەبوونەوەی "پێشهاتێکی ترسناکە".
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی: "هەولێر خۆی بۆ ترسنۆکان ناچەمێنێت. ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرایە سەر چەند شوێنێکی هەولێر بە تووندی شەرمەزار دەکەم و داوا لە خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری هەولێر دەکەم ئارام بگرن و رێنوێنیی دەزگا ئەمنییەکان جێبەجێ بکەن".
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند: "پاراستنی ئاسایشی هەولێر و سەلامەتی گیانی خەڵكەكەی بە ئەركی خۆمان دەزانین."
هەروەها موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، هەولێر لەژێر "نیشانە و ئاگری شکستمەندان و خەجاڵەتمەنداندایە. لەژێر پرۆسەی برسیکردندایە، وەکو ئەوەی کوردەکان عێراقی نەبن، بەڵکو ئەوان شادەماری عێراقن و بەشێکی جیانەبووەن لە عێراق. هەولێر خۆناچەمێنێ و چۆکدانادات، تەنیا بۆ میانڕەوی و سەربەخۆیی و سەروەری نەبێت".
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یۆنامی)یش، هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بە "قێزەون" ناودەبات و داوا لە عێراقییەکان دەکات یەک هەڵوێست بن.
هەر سەبارەت بە هێرشەکە گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جگە لەوەی جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ زیان و قوربانییەک لە هیچ باڵەخانەیەکی حکومەتی ئەمریکا نەکەوتووەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ