رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بە وەکالەت، رەزامەندیی لەسەر کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی ئەو خوێندکارانەی کەرکووک نیشاندا کە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق دەخوێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، هەڵۆ عەسکەری، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بە وەکالەت، بڕیاری دا بە داشکاندنی 25%ی کرێی خوێندن بۆ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی پارێزگای کەرکووک.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات، هەریەک لە هەڵۆ جەباری و دیلاف غەفوور، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک، سەردانی وەزیری خوێندنی باڵایان کرد و یاداشتێکی فەرمییان بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی سەر شانی خوێندکاران پێشکەش کرد.
هەڵۆ جەباری، پەرلەمانتاری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیستێکی ناوی 62 خوێندکارمان رادەستی وەزیر کرد و ئەویش رەزامەندی نیشان دا لەسەر داشکاندنی 25%ی کرێی خوێندن بۆیان."
سەبارەت بەوەی بڕیارەکە کێ دەگرێتەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد کە داشکاندنەکە خوێندکارانی کەرکووک لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و ئەهلییەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵ دەگرێتەوە.
هەڵۆ جەباری گوتی: "لە ئامادەکردنی لیستی نوێ بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی زۆرترین خوێندکار سوودمەند بن."
ئەو پەرلەمانتارە داوای لەو خوێندکارانەی کەرکووک کرد کە تاوەکو ئێستا ناویان تۆمار نەکراوە، بە زووترین کات پەیوەندییان پێوە بکەن تاوەکو ناویان بۆ وەزارەت رەوانە بکرێت و لەو داشکاندنە سوودمەند بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ