رووداو نرخی کارەبای 24 کاژێری ئاشکرا دەکات

14-05-2025
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و رەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی سەبارەت بە پڕۆژەی "رووناکی" بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی پەسندکرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لە سێ مانگی سەرەتای بەکارهێنانی کارەبا لە پڕۆژەی رووناکیدا، بە رێژەی 50٪ بۆ 15٪ پاڵپشتیی بەکارهێنەران دەکات و بڕی پارەی کارەبا کەمدەکرێتەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کارەبای سەنتەری پارێزگاکان بکرێتە 24 کاژێری.
 
هەر لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە، بەزوویی لیستی مووچەی مانگی پێنج ئامادە بکرێت و بۆ بەغدا بنێردرێت.
 
نرخی کارەبای 24 کاژێری بەپێی خەرجکردنی کیلۆوات
 
1 بۆ 400 کیلۆوات
72 دینار
 
400 بۆ 800 کیلۆوات
108 دینار
 
800 بۆ 1200 کیلۆوایت
175 دینار
 
1200 بۆ 1600 کیلۆوات
265 دینار
 
1600 بۆ سەرەوە
350 دینار
 
مانگانە چەند پارەی کارەبا دەدەی؟
 
بەپێی ئەو نرخەی دانراوە:
 
- ئەگەر هاوبەشێکی کارەبا لە مانگێکدا تەنیا 400 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، مانگانە 28 هەزار و 800 دینار دەدات
400*72= 28,800  دینار
 
- ئەگەر هاوبەشێکی کارەبا لە مانگێکدا 800 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، مانگانە 70 هەزار دینار  دەدات
400*72= 28,800  دینار 
400*108= 43,200 دینار
 کۆی گشتی: 72  هەزار دینار
 
- ئەگەر هاوبەشێکی کارەبا لە مانگێکدا 1,200 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، مانگانە 138 هەزار دینار دەدات
400*72= 28,800  دینار 
400*108= 43,200 دینار
400*175= 70,000 دینار
کۆی گشتی: 142 هەزار دینار
 
-  ئەگەر هاوبەشێکی کارەبا لە مانگێکدا 1600 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، مانگانە 246 هەزار دینار دەدات
400*72= 28,800  دینار 
400*108= 43,200 دینار
400*175= 70,000 دینار
400*265= 106 هەزار دینار
کۆی گشتی: 248 هەزار دینار
 
- ئەگەر هاوبەشێکی کارەبا لە مانگێکدا 2000 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، مانگانە 388 هەزار دینار دەدات
400*72= 28,800  دینار 
400*108= 43,200 دینار
400*175= 70,000 دینار
400*265= 106 هەزار دینار
400*350= 140 هەزار دینار
کۆی گشتی: 388 هەزار دینار
 
بە گوێرەی ئەو توێژینەوانەی لەلایەن پڕۆژەی رووناکییەوە کراون، "لە کارەبای پڕۆژەی رووناکیدا 80٪ی هاووڵاتییان پارەی کەمتر لە پێشوو دەدەن."
 
بە نموونە 25٪ی ئەوانەی کە کارەبای رووناکی بەکاردەهێنن، مانگانە 670 کیلۆوات کارەبایان بەکارهێناوە، پێشتر مانگانە بە کارەبای موەلیدە و نیشتمانی 53 هەزار دیناریان داوە، بەڵام لە پڕۆژەی رووناکی بۆ مانگێک 39 هەزار دیناریان داوە.
 
هەروەها تێکڕای بەکارهێنەرانی پڕۆژەی رووناکی ئەگەر پێشتر 65 هەزار دیناریان بە کارەبای نیشتمانی و موەلیدە دابێت، ئەوا لە کارەبای پڕۆژەی رووناکی 58 هەزار دیناریان داوە.
 
داشکاندن بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی دەکرێت
 
لەگەڵ گەیشتنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هەر شوێنێک، نرخی کارەبای ئەو شوێنە بەپێی نرخە نوێیەکە هەژمار دەکرێت، بەڵام مانگی یەکەم 50٪ ومانگی دووەمیش 25٪ داشکاندن بۆ هاوبەشانی پڕۆژەکە دەکرێت.
 
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە تیمی هەژماری من وەریگرتوون، داشکاندنەکان بەردەوام دەبن، حکومەت 200 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەکە تەرخانکردووە، کە بەشێکی بۆ داشکاندنی نرخی کارەبای 24 کاژێری دەبێت.
 
جگە لەوەش بڕیارە حکومەت هەندێک گۆڕانکاری لە پرسی هاوردەکردنی ئامێرە کارەباییەکان بکات، بۆ نموونە ئەو ئامێرانەی کارەبای زۆر خەرج دەکەن، چیدی رێگە بە هاوردەکردنیان نەدرێت. لەوانەش بۆیلەری ئێرانی. 
 
نرخی کارەبای شوێنە بارزگانی و پیشەسازییەکان چەند دەبێت؟
 
بەپێی ئەو نرخی پێشنیاز کراوە، کارەبای شوێنەکانی دیکە بەو شێوەیە دەبێت.
 
بازرگانیی بچووک لە 200 دینارەوە دەبێتە 180 دینار بۆ یەک کیلۆوات لە کاژێرێکدا
 
کشتوکاڵ لە 100 دینارەوە دەبێتە 60 دینار بۆ یەک کیلۆوات لە کاژێرێکدا
 
پیشەسازیی گەورە لە 120 دینارەوە دەبێتە 125 دینار بۆ یەک کیلۆوات لە کاژێرێکدا
 
میری لە 140 دینارەوە دەبێتە 160 دینار بۆ یەک کیلۆوات لە کاژێرێکدا.
 
بە گوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، کارەبای سەرجەم شوێنە بازرگانی، کشتوکاڵی و پیشەسازییەکانیش، هاوشێوەی ماڵان و فەرمانگە حکومییەکان دەبێتە 24 کاژێری. 
 
پارەی کارەبا چۆن وەردەگیرێت؟
 
پارەی کارەبا کە پڕۆژەی رووناکی بەشێوەی پۆست پەید دەبێت، واتە فەرمانبەرانی کارەبا لەو قۆناخەدا هاوشێوەی ئێستا لە ماڵەوە پارە لە هاوبەشەکانی کارەبا وەردەگرن، بەڵام حکومەت لە بەرنامەی دایە، وەرگرتنی پارە بکاتە ئەلیکترۆنی، ئەویش لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (e-pswla) کە هاوبەشانی کارەبا دەتوانن لە رێگەی فاست پەی یان ئێف ئای بی راستەوخۆ پارە بدەن.
 
سەبارەت بەو کەسانەی پارەی کارەبا نادەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا هیچ رێوشوێنێکی بەرامبەریان نەگرتووەتەبەر، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە تیمی هەژماری منەوە دراونەتە رووداو، هەندێک لە هاوبەشانی پڕۆژەی رووناکی،تائێستا پارەی کارەبای 24 کاژێریان نەداوە.
 
هاونیشتمانیان بە چەند رێگایەک دەتوانن بزانن چەند کارەبایان بەکارهێناوە، لەوانە لە رێگەی ماڵپەڕی پسوولە، هەروەها لە رێگەی خزمەتگوزاریی *1992#  کە لە داهاتوودا کارا دەبێت، ئاگاداری بڕ و نرخی بەکارهێنانی کارەبا ببن.
 
دەتوانی چەند ئەمپێر کارەبا بەکاربهێنی؟
 
بەکارهێنانی کارەبا لە پڕۆژەی رووناکی سنووردارە، بۆ هاوبەشی ئاسایی 60 ئەمپێرە، لەو زیاتر بەکاری بهێنێت، کارەباکەی دەکوژێتەوە، بەڵام ئەوانەی کارەبای سری فێسیان هەیە، دەتوانن تاوەکو 300 ئەمپێر کارەبا بەکاربهێنن.
 
چارەنووسی موەلیدەکان
 
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکردووە، بەگوێرەی داتاکانی پڕۆژەکە تاوەکو ئێستا 219 هەزار هاوبەش لە پڕۆژەکە سوودمەند بوون، بەهۆی پڕۆژەکەوە 700 موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەکەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کوژێندراونەتەوە، بەڵام هەڵنەگیراونەتەوە، هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی نەبێت موەلیدەکان دەخرێنەوە کار.
 
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە تیمی پڕۆژەی رووناکی دەستیکەوتوون، 88٪ی ئەو موەلیدانەی کوژێندراونەوە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەت کردووە، کە مانگانە لە نێوان 1 ملیۆن دینار تاوەکو 2 ملیۆن دینار وەردەگرن. هەر کاتێکیش کارەبا بە هاونیشتمانییان بدەن بۆ هەر ئەمپێرێک لە کاژێرێکدا 40 دیناریان دەدرێتێ.
 
بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەلایەن تیمی هەژماری من کراون،  لە رووی پاکڕاگرتنی ژینگەوە، کوژاندنەوەی ئەو 700 موەلیدەیە، یەکسانە بە نەمانی 125 هەزار ئۆتۆمبێل لە شەقامەکاندا.
 
هەر بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی بە گوتەی تیمی پڕۆژەکە لەلایەن دەزگای بێلایەنەوە کراون، 92٪ی بەشداربووانی پڕۆژەکە دەڵێن دوای گەیشتنی کارەبا بە گەڕەکەکەیان ژیانیان باشتر بووە، 72٪یان دەڵێن نرخی کارەبای پڕۆژەی رووناکی گونجاوە. 84٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە پێشنیازی پڕۆژەی رووناکی بۆ خزمان و دۆستانیان دەکەن.
 
کەی پڕۆژەکە تەواو دەبێت؟
 
بەپێی ئەو بەرنامەیەی پڕۆژەی رووناکی دایناوە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لە سەنتەری شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و سلێمانی) دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026یش سەرجەم هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری.
 
ئایا بەرهەمی کارەبا بەشی 24 کاژێر دەکات؟
 
لە وەزری هاوین و زستاندا خواست لەسەر کارەبا زۆر زیاد دەکات، کە هەندێکجار وەزارەتی کارەبا دەتوانێت تەنیا 10 بۆ 14 کاژێر کارەبا دابین بکات.
 
بەپێی پڕۆژەی رووناکی لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەبێت، جگە لەوەش ژێرخانی کارەبا چاکدەکرێت، کە بە گوتەی ئەوان رۆڵی دەبێت لە کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا. هەروەها دەڵێن دانانی پێوەری زیرەک رۆڵی هەبووە لە گەڕاندنەوەی ئەو کارەبایەی پێشتر ون دەبوو، کە بە زیاتر لە 30٪ مەزەندە دەکرێت.
 
حکومەت کارەبا لە هاونیشتمانییان دەکڕێتەوە
 
هەندێک لە هاونیشتمانییان پشت بە سەرچاوەی سەربەخۆی وزە دەبەستن، لەوانە کارەبای وزەی خۆر، ئێستا لە پارێزگای سلێمانی هەر هاونیشتمانییەک کارەباکەی زیاتر بێت، دەتوانێت کارەباکەی بەشێوەی مقاسە بە حکومەت بدات. واتە چەند کارەبا بە حکومەت بدات، لە بەرامبەردا بەپێی ئەو کارەبایەی خستوویەتییە تۆڕی نیشتمانییەوە، حکومەت لە کرێی کارەباکەی بۆی دەگێڕێتەوە.
 
تیمی پڕۆژەی رووناکی رایانگەیاند، لە بەرنامەدایە بەم نزیکانە هەمان پڕۆژە لە هەولێر و دهۆکیش جێبەجێ بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە