تەندروستیی کەرکووک: کێشەی کەمیی خوێن بۆ نەخۆشانی گورچیلە چارەسەر کرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ژمارەیەک نەخۆش لە رێگەی رووداوەوە دەنگی خۆیان گەیاند، فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بڕیاری دا بەشێکی تایبەت بە بانکی خوێن لەنێو سەنتەری "ئەمەل" بۆ شۆردنی گورچیلە بکاتەوە و کۆتایی بە کێشەی کەمیی خوێن بۆ ئەو نەخۆشانە بهێنێت.
 
دکتۆر عەلی عەدنان مەردان، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "دەستبەجێ دوای گەیشتنی پەیامی نەخۆشەکان، کێشەکەمان چارەسەر کرد و بڕیارمان دا بەشێکی تایبەت بە بانکی خوێن لەناو مەڵبەندی (ئەمەل) کە تایبەتە بە نەخۆشانی گورچیلە بکەینەوە."
 
ئەم بڕیارەی تەندروستیی کەرکووک دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک لە کەسوکاری نەخۆشانی شۆردنی گورچیلە، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە گلەیی ئەوەیان کردبوو کە ماوەی دوو ساڵە لە کاتی شۆردنی گورچیلەی کەسوکاریان، کێشەی دەستکەوتنی خوێنیان بۆ دروست دەبێت و ناچار دەبن بۆ پشکنین و دابینکردنی خوێن سەردانی شوێنی دیکە بکەن.
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی، لەمەودوا نەخۆشەکان لە هەمان ئەو سەنتەرەی شۆردنی گورچیلەی تێدا دەکەن، خزمەتگوزاریی وەرگرتنی خوێنیشیان بۆ دابین دەکرێت و "چیدی پێویست ناکات بۆ ئەو مەبەستە سەردانی هیچ شوێنێکی دیکە بکەن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە