رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان رایدەگەیێنێت، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان، مانگانە پێویستییان بە زیاتر لە 110 هەزار بوتڵ گازی شلە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە پشکی گازەکەیان لە کەرکووکەوە دێت نەک کێڵگەی کۆرمۆر.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە سنووری گەرمیان 12 کارگەی گازی شلمان هەیە. مانگانە 72 بارهەڵگر گازی شلمان بۆ دێت کە دەکاتە نزیکەی 95 هەزار و 600 بوتڵ، بەڵام ئەم بڕە بەشی پێداویستییەکان ناکات."
سەبارەت بە دابەشبوونی ئەو بڕە گازە، یادگار فەتاح روونی کردەوە کە رۆژانە نزیکەی 1000 بوتڵ بۆ شوێنە بازرگانییەکانی وەک نانەواخانە، چێشتخانە، فەرمانگەکان و بەشە ناوخۆییەکان دابین دەکرێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان، لە سنوورەکەدا نزیکەی 85 هەزار خێزان هەن (45 هەزار خێزانی دانیشتووی سنوورەکە و 40 هەزار خێزانی مادەی 140). یادگار
فەتاح دەڵێت: "دوای دابینکردنی پشکی شوێنە بازرگانییەکان، تەنیا 70 هەزار بوتڵ بۆ ماڵان دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا پێویستیی ماڵان بەتەنیا 85 هەزار بوتڵە."
سەبارەت بە سەرچاوەی دابینکردنی گازەکە، یادگار فەتاح ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئەوەی کێڵگەی کۆرمۆر لە سنوورەکەیاندایە، بەڵام گازەکەیان لەوێوە بۆ نایەت و گوتی: "لە کۆرمۆرەوە گازی شلمان بۆ نایەت و تەنیا لە رێگەی کەرکووکەوە بۆمان دابین دەکرێ."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان رایگەیاند، لە هەوڵدان بۆ زیادکردنی پشکی گازی سنوورەکە تاوەکو بتوانن پێداویستیی تەواوی هاونیشتمانیان و کەرتی بازرگانی دابین بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ