رووداو-بەغدا
١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم، یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هێنراو رژێمی كۆماری لە عێراق راگەیەنرا.
پاش تێپەڕبوونی نزیكەی ٥٥ ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا، هێشتا جێی بۆچوونی جیاوازی مێژوونووسان و هاووڵاتیان و سیاسەتمەدارانی عێراقە و بەسەر دووبەرەدا دابەشیان دەكات، بەرەیەك بە كودەتا ناوی دەباتو بەرەیەكی دیكەش بە بزووتنەوە یاخود بە شۆڕش .
ئەحمەد ئیبراهیم، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی رەوتی دیموكراسی لە عێراق دەڵێت "رۆژی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ وەرچەرخانێك بوو لە مێژوو و ژیانی گەلی عێراق، جەژنی دامەزراندنی كۆماری عێراقە و ناكرێ جگە لەمە بەهیچ ناوێكی دیكە ناوببرێ".
هەرچەندە لە سەراتادا بزووتنەوەی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق بانگەشەی بۆ دەستپێكردنی لاپەڕەیەكی نوێ دەكرد، بەڵام زۆری نەبرد سەرانی ئەو بزووتنەوەیە، لە بەڵێنەكانی خۆیان هەڵگەڕانەوە و دەستیانكرد بە پەیڕەوكردنی سیاسەتی سەركوتكردنی هەر بەرهەڵستكارێكی دەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم و فەرمانڕەوایی شیوعییەكانی عێراق، كە لەو سەردەمە بوونە حیزبی دەسەڵاتدار.
جەمیل رۆفائیل، نووسەرو بیرمەندی عێراقی، لە بارەی بزووتنەوەی ١٤ی تەمموز دەڵێت "بۆچوون و هەڵوێستەكان لەبارەی بزووتنەوەی ١٤ی تەمموز زۆر جیاوازن، چونكە سەرەتا بەهۆی پشتگیری زۆرینەی گەل لەسەرانی بزووتنەوەكە، پێمان وابوو ئەو رووداوە شۆڕشە، بەڵام لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی دامودەزگاكانی دەوڵەت و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتەكان لەلایەن عەبدولكەریم قاسم و دارودەستەكەی، دەستیان بە سەركوتكردنی بەهەڵستكارانیان كرد، كە پێشتر پاڵپشتیان بوون و لەیەك بەرەدا بوون، تائەو رادەیەی تاقە گۆڕان، كە هەستمان پێدەكرد گۆڕینی عێراق بوو لە پاشایەتی بۆ كۆماری. ناوی عەبدولكەریم قاسم لەبری ناوی نوری سەعیدی سەرۆك وەزیرانی سەردەمی پاشایەتی".
ئەوەی دەمێنێتەوە دوور لە بەرەی پشتگیری بزوتنەوەی ١٤ی تەمموز و بەرەی بەرهەڵستكار، بۆچوونی جیاوازی مێژوونووسانی عێراقە، كە بەبۆچوونی رێژەیەكی زۆری گەلی عێراق، پێیانوایە لە رۆژی سەرهەڵدانی سیستمی كۆماری لە عێراق، ئەو وڵاتە بەرەو چارەنووسی خراپتر دەڕوات و ساڵ بەساڵ كێشە ناوخۆییەكان و خوێنڕشتن لە عێراق لە زیادبووندایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ