رووداو دیجیتاڵ بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە گفتوگۆکانی هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کە بەهۆیەوە مووچەکانیان لە 500 هەزار دینارەوە بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە. ئەحمەد مام رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان، تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی شەممەی داهاتوو ئێوارەکەی، شاندێکی وەزارەتمان بە سەرۆکایەتی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەچێتە بەغدا. بۆ ماوەی یەک هەفتە لەوێ دەمێنینەوە تاوەکو گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بکەین لەسەر پرسی زیندانیانی سیاسی." لەبارەی ئەو ناوانەی کە رەوانەی بەغدا کراون، ئەحمەد مام رەسووڵ ئاماژەی بەوە کرد، ناوی سەرجەم زیندانیانی سیاسی نێردراوە کە ژمارەیان 25 هەزار و 868 ناوە؛ ئەمەش هەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ئێستا دەرماڵە وەردەگرن و هەم ئەوانەشی کە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە. زیادبوونی مووچە و ئیمتیازاتەکان بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ عێراق، گۆڕانکاریی گەورە لە مووچە و شایستە داراییەکانیاندا دەکرێت: • مووچەی ئێستا: 500 هەزار دینارە. • مووچەی نوێ (دوای هاوتاکردن): دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار. • ئیمتیازاتەکان: سەرجەم ئەو ماف و ئیمتیازاتانە دەیانگرێتەوە کە زیندانیانی سیاسیی عێراق هەیانە. ئەم پرۆسەیە دوای ئەوە دێت کە لە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەزگای زیندانییە سیاسییەکانی عێراق گەیشتنە رێککەوتن. دواتر لە رۆژی 18ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی رەزامەندیی لەسەر رێککەوتنەکە نیشاندا. ئاماری دۆسیەی زیندانیانی سیاسی بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 25 هەزار و 868 زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە، کە دۆخی دۆسیەکانیان بەشێوەیەکە5,216 کەس ئێستا مووچە و دەرماڵە وەردەگرن و ئەوی دیکە تاوەکو ئێستا هیچییان وەرنەگرتووە. خاڵی سەرەکی لە نێوان زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان وعێراق جیاوازی ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانە. بەگوێرەی یاساکەی عێراق، هەر زیندانێکی سیاسی مووچەی دیکەی هەبێت تاوەکو 25 ساڵ مووچە دەدرێت بە زیندانی سیاسی، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان تەنیا 10 ساڵ بووە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە زیندانیانی سیاسی چەند ساڵێکە چاوەڕوانی خستنەسەر لایەنی عێراق و وەرگرتنی مووچە و دەرماڵەکانیان دەکەن و داوایان لە تۆڕی میدیایی رووداو کردبوو بەدواداچوون بۆ کێشەکەیان بکات.