رووداو-هەولێر
گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەستدەكەن بەكردنەوەی ئەو سندووقانەی قردێلەی سووریان لێدراوە و گوتیشی "ئەو سندووقانە بە نزیكەی چوار كورسی دەنگیان تێدایە".
شێروان زرار، گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەمڕۆ یەكشەممە 14-10-2018 وە، لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە دەستدەكرێت بە جیاكردنەوەی ئەو سندووقانەی قردێلەی سووریان لێدراوە، ئەو سندووقانەی قردێلەی سووریان پێوەیە، 228 سندووقن، لە ئەمڕۆوە لیژنەیەكی تایبەت لێكۆڵینەوەیان تێدا دەستپێدەكات.
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، لەدوای لێكۆڵینەوە لەو سندووقانە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران بڕیار لەبارەیانەوە دەدات و گوتیشی "مەرجیش نییە دەنگی ئەو سندووقانە هەمووی بسووتێ، چونكە سندووق هەیە كێشەیەكی بچووكی هەیە، بەڵام قردێلەی سوری لێدراوە، هەموو ئەو سندووقانەش بەنزیكەیی دەنگی چوار كورسییان تێدایە".
لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ لایەنە سیاسییەكان، هەزار و 45 سكاڵایان تۆمار كردووەو 228 سندووقیش قردێلەی سووریان لێدرابوو، بەپێی ئەنجامی 85%ـی دەنگەكانیش پارتی 44 كورسی، یەكێتی 21 كورسی، گۆڕان 12 كورسی، نەوەی نوێ 8 كورسی، كۆمەڵ 7 كورسی، هاوپەیمانی بەرەو ئیسڵاح 5 كورسی و هاوپەیمانی سەردەمیش 1كورسی بەدەستهێناوە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ