رووداو دیجیتاڵ
چالاکڤانێک لە شاری کۆبانێ رایگەیاند، بەهۆی تووندبوونی گەمارۆکان و نەبوونی گازی ماڵانەوە، خەڵکی شارەکە ناتوانن خواردنی گەرم لێبنێن و پەنایان بۆ خواردنی قوتوو بردووە. دەشڵێت، "خەڵک هەیە تەنانەت ناتوانێت رۆژانە سێ ژەمە نان بخوات."
ئەحمەد بۆزۆ، چالاکڤانی مەدەنی لە کۆبانێ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی "نۆرۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "گەمارۆی سەر کۆبانێ بە تووندی بەردەوامە و خەڵک لەنێو قەیرانێکی مرۆیی قووڵدایە."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، ئەو پێداویستییانەی دەگەنە نێو کۆبانێ تەنیا بە رێگەی قاچاخ لە ناوچەی "سڕین" (باشووری کۆبانێ) و لە رێگەی چەمی فوراتەوە دەگەن، بەڵام ئەوانەش بەشی پێداویستیی شارەکە ناکەن. بۆزۆ وەکو نموونە ئاماژەی بەوە کرد، "بووتڵێک گازی ماڵان کە پێشتر بە 10 دۆلار بوو، ئێستا کە بە قاچاخ دەگات، بە 25 دۆلار دەفرۆشرێت."
رێگری و وەرگرتنی باج
ئەحمەد بۆزۆ ئاماژەی بەوەش کرد، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەت ئاستەنگ بۆ هێنانی خواردن دروست دەکەن و رێگە قاچاخەکانیشیان گرتووە. باسی لەوەش کرد، لە گوندی "پیرەکێ" و رێڕەوی "نوور عەلی" لە باشووری کۆبانێ، باجێکی زۆر لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان وەردەگیرێت، کە بۆ هەر بارهەڵگرێک لەنێوان 200 بۆ 800 دۆلاردایە، کەچی تەنیا رێگە بە چوونە دەرەوەی خەڵک دەدەن و ناهێڵن خواردن و پێداویستی بچێتە نێو شارەکەوە.
قەیرانی دەرمان و خۆراک
"بارودۆخی ئابووریی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار،" ئەو چالاکڤانە وا دەڵێت. ئەو باس لەوەش دەکات، نرخی خۆراک بە رێژەی 20% تاوەکو 30% بەرزبووەتەوە، نرخی دەرمان 35% بەرزبووەتەوە؛ بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییەکانی شەکرە، شێرپەنجە و شیری منداڵان (تەمەنی 1 بۆ 3 ساڵ) زۆر کەم بوونەتەوە، 15 گوندی رۆژهەڵاتی کۆبانێ (لەنێوان کۆبانێ و گرێ سپی) لە دۆخێکی زۆر سەختدان و "هیچ جۆرە خۆراک و پێداویستییەکیان پێناگات."
زۆریی ئاوارە و مەترسیی نەخۆشی
ئەحمەد بۆزۆ ئاشکرای کرد، 65 هەزار ئاوارە لەنێو مزگەوت، قوتابخانە و نەخۆشخانە کۆنەکانی شاری کۆبانێ نیشتەجێ کراون، بەتایبەت لە (قوتابخانەی ریفییە، قوتابخانەی خەنسا و نەخۆشخانەی ڤییەننای کۆن) کە بارودۆخیان زۆر خراپە؛ ئەوەش جگە لەوانەی کە لەنێو ماڵی خزمانیاندا جێیان دەکرێتەوە.. پێشتر شێخمووس ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆچبەر و کامپەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بە رووداوی راگەیاندبوو، کۆی ئاوارەکان لە شاری کۆبانێ 200 هەزار کەسی تێپەڕ کردووە.
لەڕووی تەندروستییەوە، هەرچەندە دوو رۆژە ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە گەڕاوەتەوە، بەڵام تەنیا بۆ چەند کاژێرێکە. بۆزۆ جەختی کردەوە، بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس، تاوەکو ئێستا 1,425 کەس تووشی نەخۆشی بوون.
نەبوونی توانای کڕین
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو چالاکڤانە گوتی، "خەڵکی کۆبانێ چیتر توانای کڕینی خۆراکیان نەماوە. بەهۆی نەبوونی غازیشەوە ناتوانن خواردنی گەرم ئامادە بکەن، بۆیە زۆربەیان ژیانیان لەسەر خواردنی قوتوو بەسەر دەبەن، بەڵام زۆر خێزان هەن تەنانەت ناتوانن رۆژانە سێ ژەمە نانیش پەیدا بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ