کشتوکاڵی عێراق: هاوردەکردنی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستانەوە قەدەخەیە

15-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێک لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، رێگە نادەن مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستانەوە ببرێتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، قەدەخەکردنی مریشکی زیندوو ئامانجەکەی ژێرخانی هەرێمی کوردستانە. "هەرزانترین مریشکی زیندوو لە هەموو جیهان لە هەرێمی کوردستانە".
 
سائیر سەبری حوسێن، بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رۆژی یەکشەممە 15-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری سەرووی خۆمان، رێگە نادرێت مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بگوازرێتەوە؛ چونکە زۆریان بەشێوەیەکی نایاسایی لە دەرەوە دەهێنرێنە نێو هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەگوازرێنەوە".
 
سەبارەت بە مریشکی بەستوو، بەڕێوەبەری بەشی پەتاکان لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری دەڵێت، دەبێت مریشکەکە لە کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێنماییەکان بەخێوکرابێت و دواتر سەربڕابێت، دەرخستەی بۆ کرابێت، مۆڵەتی تەندروستیی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوسا رێگەی دەدرێت بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بگوازرێتەوە.
 
سەبارەت بە هێلکە، سائیر سەبری حوسێن گوتی، هێلکەی خواردن و هێلکەی ناوخۆیی بۆ ‌دانانەوە رێگەپێبدراوە لە هەرێمی کوردستانەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە عێراق، بەڵام دەبێت سەرەتا دەرخستەی بۆ کرابێت لەلایەن ڤێتەرنەری عێراقەوە، هەروەها مۆڵەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان هەبێت.
 
لە هەرێمی کوردستان خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە تاوەکو بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
 
 ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان بەم جۆرەیە:
 
- هەولێر 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە 35 پەلەوەرخانە
 
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 15-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، قەدەخەکردنی مریشکی زیندووی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی ژێرخانی هەرێمی کوردستانە. هێنانی مریشکی زیندووی بە قاچاخ لە دەرەوەی وڵات هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە مریشک لە دەرەوە گرنگترە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ "هەرزانترین نرخی مریشکی زیندوو لە هەموو جیهان لە هەرێمی کوردستانە". راشیگەیاند، "بردنی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی عێراق قەدەخەکراوە، بەڵام بە پارە لە بازگەکانەوە رێگە دەدرێت ئەو مریشکە بچێتە ناوچەکانی عێراق".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە