رووداو هەولێر
پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە و دەنگ لەسەر ماددە بە ماددەی پرۆژەیاسای چاکسازی دەدات، کام پێشنیاز زۆرترین دەنگ بهێنێت ئەو ماددەیە پەسنددەکرێت و دەبێتە یاسا.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان کاژێر 11:30 خولەکی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-1-2020 بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چاکسازی دەستیپێکرد. ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەو هەفتەیە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی کراو پەرلەمانتاران تێبینی و پێشنیازەکانیان لەسەر ماددە بە ماددەی پرۆژە یاساکە خستەڕوو، دواتر لەلایەن لیژنەی یاساییەوە شوێنی ئەو تێبینی پێشنیازانە کراوەتەوە و یەکە بە یەکە دەخرێنە دەنگدان، کام تێبینی و پێشنیاز زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی هێنا، ئەوەیان پەسند دەکرێت.
پڕۆژەیاسای چاکسازی لە هەشت بەش پێکدێت، ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیانی سیاسی، بواری خانەنشینی، نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێک زیاتر لە بودجەی گشتی، بواری پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، دەرماڵەکان، رێکخستنەوەی هەژمارکردنی خزمەت، حوکمەکانی کۆتایی. کە لە 21 ماددە و ھۆیەکانی دەرچوواندن پێکهاتووە.


