رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەهۆی بەفربارینەوە دەوام لە یەکی بنەڕەتی تاوەکو سێی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان راگیرا.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 16-01-2022 دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەوامی قوتابیان بۆ پۆلەکانی 1 و 2 و 3ی بنەڕەتی و هەروەها باخچەی ساوایان تاوەکو رۆژی 25ی مانگی داهاتوو نییە و دەکرێتە پشوو، ئەمەش بەهۆی ئەو بەفرەی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری گرتووەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "وەکو ئاگاداربم زۆرینەی پەروەردەکان پشوویان راگەیاندووە بۆ ماوەی سێ رۆژ". ئاماژەی بەوەش کرد، قوتابیانی ئەو سێ قۆناخە خۆیان سێ رۆژ دەوامیان ماوە و لەبەر کەشوهەوا ئەو سێ رۆژەش دەوام ناکەن و دوای ئەوەش پشوویان دەبێت تاوەکو 25-01-2022.
هاوکات هەر ئەمڕۆ یەکشەممە بارام محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی دۆخی کەشوهەواوە، پشوومان لە تەواوی قوتابخانەکانی سنوورەکە بۆ سبەینێ راگەیاند، کە لە قوتابیانی پۆلی یەک تاوەکو پۆلی 12 دەگرێتەوە".
عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵیش بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی شەپۆلی سەرماوە لە سنووری پەروەردەکەمان پشوومان بۆ قوتابیانی یەک تاوەکو سێ، هەروەها باخچەکانی ساوایان راگەیاندووە"؛ گوتیشی، "دەوامی قۆناخەکانی دیکە ئاسایی دەبێت".
هەروەها لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی بەفر بارینەوە لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری شارباژێڕ سبەی دووشەممە پشووە، تاقیکردنەوەکانی رۆژی دووشەممە دەخرێنە رۆژی سێشەممە.
لە رانیەش ئەو سێ قۆناخە کراون بە پشوو؛ محەممەد کەریم، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ کەشناسی و ئیدارەی راپەڕین گفتوگۆیان کردووە و بەوە گەیشتوون کە سبەینێ دەوام لە سەنتەری قەزا و ناحیەکان بۆ قۆناخەکانی سەروو پۆلی سێ ئاسایی بێت.
محەممەد کەریم گوتیشی، بەڵام بۆ گوندەکان جیاوازە، دەسەڵاتی تەواو دراوە بە بەڕێوەبەری پەروەردەکان، کە تاقیکردنەوەکان دوادەخەن یان بەردەوام دەبن، ئەوانیش بەپێی شوێنەکانیان و دۆخەکە بڕیار دەدەن.
کەشناسی راشیگەیاندووە، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە ئەم شەپۆلەی بەفر و باران لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامیی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ