مستەفا کازمی: هێرشەکەی سەر هەولێر بۆ دروستکردنی پشێوییە

16-02-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مووشەکبارانی هەولێر مستەفا کازمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو هێرشە تیرۆریستییەی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج بۆ دروستکردنی پشێوی و تێکەڵکردنی کارتەکانە". 
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کردووە، عێراق لە هەوڵدایە دۆخی ناوچەکە هێوربکاتەوە و "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە دروستدەکەین.. پێویستیشە تاوانکارانی هێرشەکەی هەولێر دەستگیربکرێن". 
 
هاوکات گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت ئەوانەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێریان ئەنجام دا "گرووپێکی سەرلێشێواوی لەیاسادەرچوو بوونە و لەپەنای حەشدی شەعبی و بە ئیمکانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە" هێرشەکەیان کردووە.
 
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی شەوی دووشەممە 2021/02/15ی سەر هەولێر رایگەیاند: "بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی پایتەختی هەرێمی کورستان" ئەو مووشەکانە ئاراستەی هەولێر کراون.
 
شەوی دووشەممە 2021/02/15  بە چەند مووشەکێک هێرش کرایە سەر هەولێر و دەوروبەری. 
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "شەوی رابردوو چەند مووشەکێک بەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن، لەنێو فڕۆکەخانەکە کەسێک گیانی لە دەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لەنێو شاری هەولێریش سێ کەسی دیکە بریندار بوون." 
 
بەڵام هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەنێو فڕۆکەخانەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە کە بەڵێندەری مەدەنی بووە و نۆ کەسیش بریندار بوون. بریندارەکانیش هەشتیان بەڵێندەری مەدەنی بوون و یەکێکیان سەربازی ئەمریکییە.
 
هەر رۆژی سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناو برد و بە تووندی سەركۆنەی کرد. 
 
هاوکات داوایشی کرد "به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يێندرێن."
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە