ئەو گرووپەی دەڵێت هێرشی کردووەتە سەر هەولێر: ئێمە لەناو خاکی هەرێمی کوردستانین

16-02-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مووشەکبارانی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەو گرووپەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە مووشەکبارانی هەولێری کردووە، راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و هۆشداریی ئەوە دەدات کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەولێر مووشەکیان هەڵگرتووە و هەرکاتێک ویستیان دەتوانن بەکاریبهێنن.

لە راگەیێندراوی ئەو گرووپەدا بە ناوی "سەرایا ئەولیای دەم"، کە بەرواری ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شووباتی لەسەرە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبارکراوە کە کار بۆ ئەمریکا دەکات و گوایە ئێستاش هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە دەکات هێزە ئەمریکییەکان بگوازرێنەوە بۆسەر خاکەکەی و لەوێ بنکەی سەربازی بکەنەوە.

بەپێی راگەیێندراوی گرووپەکە کە ناویان "سەرایا ئەولیای دەم"ە، ئەوان دەیانتوانی و دەشتوانن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بکەنە ئامانج، بەڵام دەڵێن ئەوان "دۆستی خەڵکی هەرێمی کوردستانن"، بۆیە خەڵکی مەدەنی ناکەنە ئامانج. دەشڵێن، ئەوان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئوتێل و شەقامەکانی هەولێر بوونیان هەیە، دەتوانن کردەی سەربازی ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو کارە ناکەن.

هاوکات سەرایای ئەولیای دەم پەیامەکەی بە کوردییش بڵاوکردووەتەوە و لە کۆتاییەکەیشدا نووسراوە "سڵاو بۆ گیانی شەهیدان ... لە ئەبومەهدی موهەندیس ... سڵاو لە حاج قاسم سولەیمانی."
 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەشێک لە قوربانییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو هاووڵاتیی مەدەنی بوون و بەشێک لە مووشەکەکانیش لە شوێنی نیشتەجێبوون کەوتوونەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "شەوی رابردوو چەند مووشەکێک بەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتن، لەنێو فڕۆکەخانەکە کەسێک گیانی لە دەستدا و پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها لەنێو شاری هەولێریش سێ کەسی دیکە برینداربوون".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر، هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبرد و بە تووندی سەركۆنەی کرد، داوایشیکرد "به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يێندرێن".

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە هێزه‌ ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان ده‌ستپێكردووه، گوتیشی "له‌گه‌ڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا له‌ په‌یوه‌ندیدام بۆ هاوئاهەنگیی پێویست بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌".

شەوی دووشەممە 15ی شووباتی 2021 کاژێر 21:30 چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەولێر کەوتنەخوارەوە. یەکێک لە مووشەکەکانیش لە شەقامی 40 مەتری کەوتووەتە خوارەوە.

گرووپێکی میلیشیا بەناوی "سەرایای ئەولیای دەم" بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە مووشەكییە راگەیاند كە شەوی رابردوو هەولێری كردە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکان، "سەرایا ئەولیای دەم" چەند مانگێکە دامەزراوە و خۆی بە گرووپێکی چەکداریی دژبەری ئەمریکا لە عێراق ناودەبات، هاوکات چاودێران بە پاشکۆی حیزبوڵڵای عێراقی ناودەبەن.

شێوازی هێرشەکانی ئەم گرووپە، کە لە ماوەی رابردوودا چەندینجار هێز و کاروانەکانی گەیاندنی هاوکاریی لۆجستی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووەتە ئامانج، لەگەڵ گوتار و راگەیێندراوەکانی زۆر لە شێوازی هێرش و گوتاری ئەو گرووپە چەکدارانە دەچێت، کە بە هاوپەیمانی ئێران لە عێراق ناودەبرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

بەڵێندەران لە "ترسی نەبوونی پارە" پڕۆژەی رێگەوبانی گوندەکانی بێتواتە وەرناگرن

دانیشتووانی ژمارەیەک گوندی سنووری ناحیەی بێتواتە لە ئیدارەی راپەڕین، لە خراپیی رێگەوبانەکانیان نیگەرانن. بەڕێوەبەری ناحیەکەش ئاشکرای دەکات، سەرەڕای ئەوەی دوو جار تەندەر بۆ پڕۆژەی رێگەی چوار گوند راگەیێندراوە، بەڵام "لەترسی نەبوونی نەختینە" هیچ بەڵێندەرێک ئامادە نییە پڕۆژەکە وەربگرێت