نێچیرڤان بارزانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: مەترسیی هێرشەکەی هەولێر زۆر بەجیددی وەربگرن

16-02-2021
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن مووشەکبارانی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و هێرشەکە بە "تیرۆریستی" ناودەبات و بە تووندی سەركۆنەی دەكات. داواش دەکات "به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يێندرێن."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 16-02-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت "هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كه‌سى دیکە كە ژماره‌يه‌كيان ئەمریكین، بە تووندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین." سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كه دەکات و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت.
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەکات "مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جیددی وەربگرن و كار بكەن بۆ رێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە رێگەی هاندانى حكومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی ماددەی 140."
 
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەدا داوای کاراکردنەوەی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکات "بە خێرایی ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقييه‌كان بە بەشداريی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هۆشداریی دەدات لەبارەی بوونی هەندێک هێز و گرووپی چەکداری دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و دەشڵێت "نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت. بۆيه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يێندرێن."
 
شەوی رابردوو 15-02-2021، بە چەند مووشەکێک هێرشکرایە سەر هەولێر و دەوروبەری، هێرشەکە کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا. جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراق لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و دەڵێت، ئەو جۆرە کارە قێزەون و بێباکانەیە هەڕەشەی جیددی لەسەر سەقامگیری دروست دەکات. 
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر
 
هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كه‌سى دى كە ژماره‌يه‌كيان ئەمه‌ریكین، بە تووندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كه‌ دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
 
داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كار بكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140.
 
داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەیيی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەم، بە خێرایی ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقييه‌كان بە بەشداريی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن.
 
نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وایكردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت. بۆيه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌یێنرێن.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/2/16
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەسێک تووشی پەتا بووە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە.

ئەنفلەوەنزا دەوامی قوتابخانەکانی ورمێی راگرت؛ سبەی پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەنفلەوەنزا، سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە پشووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، ئەگەر کاری پێویستیان نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.