رووداو دیجیتاڵ
"لەگەڵ رەنج" ئەم جارە دەرگەی خەڵوەتگەی پیریی کردەوە و گوێی لە ئازاری ئەو بەساڵاچووانە گرت کە دوای تەمەنێک لە خزمەتکردن، ئێستا تەنیا ماونەتەوە.
چیرۆکەکان جەرگبڕن؛ لە دایکی 7 منداڵەوە تاوەکو ئەو ژنەی دوای 20 ساڵ مانەوە لە خەڵوەتگە دەڵێت "کەس تەلەفۆنم بۆ ناکات". بەساڵاچوویەکیش هێندە بێئومێدە وەسیەت دەکات "ئەگەر مردم پەیوەندی بە کەسەوە مەکەن و لێرە بمنێژن."
بەرنامەکە شەوی یەکشەممە، 15-2-2026، پەخشکرا. لەم بەرنامەیەدا رووداو لە خانەی بەساڵاچووانەوە ئەو هاونیشتمانییانەی دواند کە لە خەڵوەتگەی پیری، دوایین ساڵانی تەمەنیان بەڕێدەکەن.
بەساڵاچوویەک لە خەڵوەتگەی پیری: چاوەڕێ نەبووم رۆژێک بێمە ئێرە
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری بەرنامەکە سەردانی خەڵوەتگەی پیری کرد و لەوێوە چەند هاونیشتمانییەکی بەساڵاچووی دواند. لە یەکێک لە ژنە بەساڵاچووەکانی پرسی: "چاوەڕێت دەکرد رۆژێک بێیتە خانەی بەساڵاچووان و لێرە بژیت؟"
هاونیشتمانییەکە لە وەڵامدا گوتی: "نەخێر! بەڵام کرێچییەتی منی هێنایە ئێرە. خاوەن خانوو زۆر لەگەڵم خراپ بوو. تاوەکو ئەم تەمەنە بەشی خۆمم چەشت. کوڕ و کچەکانم هیچیان لێرە نین و هەموویان لە دەرەوەن".
رووداو لەو بەساڵاچووەی پرسی، کاتێک بە تەنیا لە خەڵوەتگەدا دادەنیشیت، بیر لە چی دەکەیتەوە؟ ئەویش گوتی:"بیر لە خۆم دەکەمەوە کە ئەمە ژیانمە. بیر لە هیچ کەسێک ناکەمەوە، بەڵام بیری کوڕ و کچەکانم دەکەم، راستی ئەوان نەیاندەهێنامە ئێرە. من خۆم هاتم".
ئینجا هاونیشتمانییەکە کاری خەڵوەتگەکەی بەرز نرخاند و بە پێکەنینەوە گوتی: "ئەگەر دەمزانی ئێرە ئاوها باشە، زووتر دەهاتم! جوانترین شتی ژیان ئەوەیە کە لەگەڵ ماڵ و منداڵی خۆت بژی. ئەگەر هەرچەندە نازت بکێشن، هەر ماڵەکەی خۆت خۆشترینە".
کاتێک پرسیاری کەرەستە و نێو ماڵەکەی لێ کرا، دەستی بە گریان کرد و گوتی: "هەموویانم بە دڵی خۆم دەکڕین و زۆر دڵم پێیان خۆش بوو".
ئازاد، یەکێکی دیکەیە لەو هاونیشتمانییانەی لە تەمەنی 69 ساڵیدا خۆی لە خانەی بەساڵاچوواندا بینیوەتەوە و ئێستا تەمەنی 71 ساڵە. مام ئازاد ناڕەزایی نیشاندا لەوەی دوو ساڵە لەو خەڵوەتگەیە دەژی، بەڵام دەرەوەی نەبینیوە و هەر لە ژوورەوەیە.
ئەو هاونیشتمانییە خۆی بە زیندانی چواند و گوتی: "من تەنیا ئەودیو دەرگام بینیوە، ئەویش بۆ سەرتاشین، چونکە ناتوانم. ئەگەرنا حەزدەکەم بڕۆمە چایخانەیەک و لەگەڵ پیرێکی هاوڕێم یان گەنجێک، سەیری ئافرەتێک بکەین و بڵێین ئەو کچە چەندە جوانە! حەزدەکەم وابکەم".
مام ئازاد دێڕە شیعرێکی سالمی هەڵواسیبوو کە خۆی دەستکاری کردووە.
بە حەیا بێرە حزور و بە ئەدەب سوجدە بەرە
خەڵوەتگەی پیرانە جەناب ئێرە مەیخانە نییە
لە شیعرەکەی سالم بەمجۆرە هاتووە: "خەڵوەتی دولبەرە (سالم) ئەمە مەیخانە نییە".
"ئەوانەی خزمەتم کردن، دەریانکردم"
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە کاتێک بەتەنیا بیر دەکەیتەوە، مام ئازاد گوتی:"بیر لەو کەریەتییانە دەکەمەوە کردم. بەڕاستیمە و درۆت لەگەڵ ناکەم. لەوەی کە من هەڵە بووم، لەوەی کە خزمەتی هەندێ کەسم کرد و ئەو کەسە دەریکردم. پێیگوتم تۆ قاچت نییە و ناتوانم بەخێوت بکەم. ئاگادارم شار زۆر گۆڕاوە، چونکە ئینتەرنێتم لایە. تەنانەت چایخانەی شەعبم بینی، زۆر گۆڕاوە. دەڵێن بەرامبەر ئەحەی گوڵە کراوەتە بینا و بازاڕی خۆش. لە ناو بازاڕی سلێمانیدا بیری هیچ ناکەم، چونکە یادگاریی زۆر ناخۆشم هەیە".
ژنێکی دیکەی خەڵوەتگەی پیری، پێچەوانەی ئەوانەی دیکە گوتی:"لە خوا بەزیاد بێت خۆم نەمراندووە. ئێرە زۆر لە ماڵەوە خۆشترە. خزمەتێکی باشمان دەکەن؛ دەمانبەنە دەرەوە و خواردنی باشمان پێدەدەن".
زۆری نەبرد گرێی خەمی دڵی کردەوە و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە، رووی لە پێشکێشکارەکەی رووداو کرد و گوتی:"نزات بۆ دەکەم تەمەنت درێژ بێ، جەرگت نەسووتێ بۆ رۆڵەکانت و خێزانت، لێت تێکنەچێت. لێ تێکچوون گەلێ ناخۆشە، ئەها من لێم تێکچووە! ئەگەر پیاوەکەم بمایە لێرە دەبووم من؟ ئەگەر برایەکم هەبووایە لێرە دەبووم؟"
یەکێکی دیکە لەو ژنانەی لە خانەی بەساڵاچووان بە قسەخۆشەکە بەناوبانگە، گوتی:"من خۆم دایکم نییە و باوکم نییە، خەمم هەیە. بەوە نییە گاڵتە دەکەم و پێدەکەنم. کوڕی خۆم، تۆ نازانی بە حاڵی دڵی من، زوخاوی تێدایە".
هەروەها گوتی، وەسیەتم کردووە ئەگەر کۆچی دواییشم کرد، پەیوەندی بە کەسەوە نەکەن و لێرە بمنێژن.
"دوای مردنی مێردەکەم ماڵەکەیان فرۆشتم"
ژنێکی دیکە کە بە بێدەنگی دەگریا، گوتی کە دڵی هاوڕێکانی دەداتەوە، بەڵام زۆری نەبرد فرمێسک بە چاوانیدا هاتە خوارەوە و گوتی:"خۆ خۆیشم هەمیشە دڵم تەنگە! کاکە رەنج! هەمیشە دڵم تەنگە. نە خوشکێک، نە برایەک، نە کەسێ دێتە لام! پیاوەکەم کۆچی دوایی کرد، ماڵەکەیان فرۆشت. ئیدی کەس نەبوو بەخێوم بکا".
ئەو هاونیشتمانییە بەساڵاچووە کە دەڵێ زوو زوو خەیاڵ دەیباتەوە رۆژانی زوو و گوتی:"ئەو مێردە باشە، ئەو ماڵ و حاڵە خۆشەم هەبوو. خۆزگە هەموو شتێ روویبدایە بەڵام عومەر کۆچی دوایی نەکردایە.
"7 منداڵم بەخێوکرد، ئەوەتا لێرەم"
ژنێکی دیکە کە دایکی حەوت منداڵە و ئێستا لە خانەی بەساڵاچووانە، کاتێک رەنج سەنگاوی لێی دەپرسێ: ئایا ماڵەکەت خۆش بوو؟ راستەوخۆ کێشای بە ئەژنۆیدا و دواتریش ناوچەوانی، باسی خۆشیی ماڵەکەی کرد و گوتی: "بەخوا حەوت منداڵم هەیە. بەڵام ئەوەتا ئاوهایان لێ کردم. یەکێکیان لە سوێدە و ئەوەی دیکەش نازانم لەکوێیە! هەر کچێکم دیتە لام. هاوژینەکەم هەندە بۆم باش بوو، مەگەر ئەو خوایە بزانێت. بەقوربانی گۆڕەکەی بم. ئینجا خۆ ئەگەر ئەم خەڵوەتگەیەش نەبووایە، لە کۆڵان دەکەوتم".
"تاقانەی پێنج برا بووم و دایکم دەیگوت هێلکەوڕۆنێکیشت پی ناکەم"
ژنێکی دیکە کە 20 ساڵە لە خانەی بەساڵاچووانە گوتی: "بێکەسی، منی پەلکێشی ئێرە کرد. دایک و باوکم نەما. شووم کرد و هەرەسم هێنا و جیابوومەوە. هیچ پەنایەکم نەبوو و هاتمە ئێرە. زۆرجار وێنە دەکێشم یان لە مۆبایلەکەمەوە چیرۆک دەخوێنمەوە. چیرۆکی عەرەبی و ئینگلیزی دەخوێنمەوە. هیچ کەسێک تەلەفۆنم بۆ ناکات. من دوای پێنج برا هاتبووم و تاقانەی پێنج برا بووم. دایکم دەیگوت هێلکەوڕۆنێکیشت پی ناکەم، ئەوەندە نازدار بووم".
"کاتێک عەسرە و هەستدەکەیت رۆژئاوا بووە"
هاونیشتمانییەکی دیکە کە هەفتەیەک بوو ببووە میوانی خەڵوەتگەی پیری و باوەڕی بەوە نەدەکرد، گوتی:"نەوەک هەر دونیا، کەسە نزیکەکانیش پشتت تێدەکەن. هەموو شتێک دانراوە و ئەوەش دانراوە کە من بێمە ئێرە. ئەگەرنا من و ئێرە زۆر لێک دوور بووین. هەرگیز شتێکی وەهام دانەنابوو".
ئەو هاونیشتمانییە لەبارەی ژیان قسەی کرد و بەو ساتە وەسفی کرد کە عەسرە و تۆ هەست دەکەیت کە خۆر ئاوا بووە و گوتی:"تەمەن زۆر کورتە و پێڕاناگەیت، بەشی هەموو خەونەکانت ناکات. تەمەن زوو تێدەپەڕێ. رابردوو حەسرەتە و رۆیشتووە؛ داهاتووش مەترسیدارە".
بەڵێنی دروستکردنی خانەیەکی بەساڵاچووان
لەگەڵ دەستپێکردنی بەرنامەکەدا سەرمایەدار نەجمەدین حاجی محێدین پەیوەندی بە رووداوەوە کرد و بەڵێنی دروستکردنی خانەیەکی بەساڵاچووانی دا.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان زەوی بۆ دابین بکات و مۆڵەتی دروستکردنی خانەی بەساڵاچووانی پێ بدات، هەموو تێچوویەکی ئەو خانەیە لە ئەستۆ دەگرێ.
یوسف چاوشین، بەرێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی:"ژیانی ئێستای ئێمە بەرهەمی دوینێی ئەوانە. کاتێک ئەوان خزمەتی ئیمەیان کردووە، ئێمە دەبێت زۆر باشتر خزمەتیان بکەین".
د. سەعد بەرزنجی، پسپۆری دەروونزانیی کۆمەڵایەتی گوتی:"ئەوانەی لە خانەی بەساڵاچوانن، ئەمە مۆرێک نییە لە ئەوان درابێت. بەڵکو رۆژگار ئەوانی گەیاندووەتە ئەوێ. جا بۆیە هەوڵ بدرێت زیاتر رێزیان بگرن، نەوەک بە پێچەوانەوە".
سەعد بەرزنجی زیاتر جەختی لەسەر باری دەروونیی ئەو کەسانە کردەوە کە لە خانەی بەساڵاچووانن و گوتی:"ئەو کەسەی دەچێتە نێو تەمەن چ لە خانەی بەساڵاچووان بێت یان لە ماڵەوە، ئەو کەسە دوودڵ و راڕا دەبێت، هەروەها هەست بە دابڕانی لە کۆمەڵگە دەکات، لەبەرئەوەی هاورێکانی کەمبوونەتەوە و زۆر گۆڕانکاریش روویداوە. هەروەها لە ماڵێکدا دەژی کە پێکدادانێکی تەمەن لەگەڵیدا دروست دەبێت".
هەروەها بە گرنگی زانی رۆڵ بەو کەسانە بدرێت کە بەساڵاچوون و گوتی:"پێویستە ئێمە وابکەین ئەوان هەست بە بوونی رۆڵی خۆیان بکەن. ئەوانەی مامۆستای وانەیەکن و خانەنشینن، پێویستە قوتابییەک داوای لی بکات کە وانەی پێ بڵێت، مرۆڤ کاتێک رۆڵی لێ دەسەندرێتەوە، هەست بە پووکانەوە دەکات".
سەعد بەرزنجی هەروەها باسی ئەو دیاردەیەی کرد کە لە کۆمەڵگەدا باوە و زۆر جار دووبارە دەبێتەوە، ئەویش فرۆشتنی خانووی دایک و باوکی بەساڵاچووە و منداڵەکان ئەو دایک و باوکانە دەگرنە خۆ یانیش بە نۆرە لای خۆیان داڵدەیان دەدەن.
د سەعد بەرزنجی ئەمەی بە هەڵەیەکی گەورە ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ