رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە بە رێپێوانێک لەبەردەم باخی گشتی و شارەوانی بەرەو گۆڕستانی هەڵەبجە یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە کرایەوە، سەرۆکایەتییەکانی عێراق، نوێنەر و خەڵكی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگار و بەرپرسانی شارەکان، هەروەها سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کرابوون، بەڵام ئامادەبوون کەم بوو.
سەرپەرشتیارانی رێوڕەسمەکە دەڵێن، هیچ بیانوویەک نەهێشتراوەتەوە بۆ بەشدارینەکردن لەو ساڵڕۆژە، تەنانەت کۆبوونەوە کراوە و رێککەوتوون ئەوانەی ناڕازین بە باشترین شێوە پێشوازی لە خەڵك و بەرپرسان بکەن.
سەرپەرشتیارەکان دەڵێن، باڵیۆزانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئێران رەزامەندییان داوە بەشداریی لە رێوڕەسمەکەدا بکەن.
لەسەر ئاستی خەڵکیش، بەشێک لە خەڵکی شنگال و چەمچەماڵ چوونەتە شارەکە و بەشداریی رێوڕەسمەکەیان کردووە.
"31 ملیۆن بودجە بۆ یادەکە دابین نەکراوە"
کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری شەهیدانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 10ـی شوبانی 2025وە لە رێگەی رێکاری تایبەتەوە بە نووسراو داوای بودجەمان کرد لە وەزارەتی شەهیدان، دواتر نێردراوەتە وەزارەتی دارایی، بەڵام تاوەکو 15-03-2025 رەزامەندی نەدراوە و پارەمان بۆ تەرخان نەکراوە.''
بەڕێوەبەری شەهیدانی هەڵەبجە باسی لەوەشکرد، 31 ملیۆنەی داوایان کردووە هەمووی خەرج ناکەن، "هەموو رێکارەکان دانراون تەنیا لای وەزارەتی دارایی ماوەتەوە بۆ خەرجکردنی پارەکە.''
کامەران مستەفا رەخنەی ئەوەی هەیە کە رۆژی دابەشکردنی مووچە و ساڵڕۆژی کیمیاباران پێکەوە دانراون، "داوامان کرد شەممە مووچە دابەش بکرێت، بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێ خەڵك هەمووی بەشداری یادەکە بکەن نەک دابەش بێ لەنێوان وەرگرتنی مووچە و بەشداری لە یادەکەدا.'' ئەو دەڵێت، "داواکەمان رەتکرایەوە و ساڵی رابردووش هەمان شت کرا."
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، خەڵک لە رۆژانی دوای یادی کیمیابارانیش دەتوانن بچن مووچە وەربگرن.
نەورۆز پارێزگاری بەوەکالەتیی هەڵەبجە دەستبەکار دەبێت
نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە وەک پارێزگاری بەوەکالەت بۆ هەڵەبجە دیاریکراوە، بڕیارە 20ـی ئادار دەست بە کارەکانی بکات. هاوکات سمکۆ سالار، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەش وەکو قایمقام دەستبەکار دەبێت."
کاوە عەلی، جێگری پێشووی پارێزگاری هەڵەبجە و ئەندامی ئێستای پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لە مانگی یەکی ئەم ساڵ نووسراوی تایبەت بە دەستبەکاربوونی نوخشە ناسیح وەک پارێزگار نێردرا بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆئەوەی لەوێوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت."
ناڵە و ئازاری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی
دوای 37 ساڵ هێشتا ئازار و دەردەسەرییەکانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بەردەوامە، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەبێ لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرن، بەڵام ئەو نەخۆشخانەیەی لە هەڵەبجە دانراوە، ئامێر و ستافی نییە، ئەوەش بەرکەوتووانی ناچار کردووە بچنە هەولێر یان بچنە سلێمانی بۆ چارەسەر.
11 ساڵە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تەواو بووە، بەڵام نەخۆشخانەکە رادەست نەکراوە و هەندێک شوێنیشی بووەتە وێرانە. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "ناچارکردنێکی وانەبووە کە کۆمپانیاکە کارە ناتەواوەکەی تەواو بکات.''
بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ئاماژە بەوەش دەکات، "بە پشتیوانیی فەرەنسییەکان، ئەڵمانیا، ئێران و تورکیا بەشێکی پێویستییەکانمان پڕ کردووەتەوە، زۆر هەوڵدرا بەمشێوەیە و بە کەموکوڕییەوە رادەست بکرێت، بەڵام نەمانکردووە و ئەوە بە کوفری ئیداری دەزانین.''
لە هەڵەبجە 250 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەن کە دەبێت رۆژانە یان هەفتانە بچنە لای پزیشک، 25 لەوانە مەترسی لەدەستدانی بیناییان هەیە و پێویستیان بە چاودێریی بەردەوامی پزیشکییە.
نووسراوی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێتەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق
پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دوو خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵام دەنگی لەسەر نەدراوە، ئەیوولی 2023 دوو خوێندنەوەی بۆ کرا، بەڵام کە گەیشتە دەنگدان پڕۆژەیاسای دیکەی خرایە پاڵ سوننە و شیعە ناوچەی خۆیان هێنایە نێو پرسەکە بۆ ئەوە ببێتە پارێزگا بەمشێوەیە هەوڵەکان لەوباتەوە شکستیهێنا.
رۆژی 14-03-2025 خالید سامەڕایی، سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "نووسراوی بۆ سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی کردووە و تێیدا داوای کردووە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە دەنگدانەوە."
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پڕۆژەیاساکە لە لیژنەکەدا دەنگی لەسەر دراوە و پەسند کراوە، دوو جاریش داواکراوە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە بەرنامەی کار، ئەوە لەکاتێکدا جیاواز لە ساڵانی رابردوو 16-03 وەکو پشووی فەرمی لە عێراق راگەیێنراوە.
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بە رووداوی راگەیاند، "دەنگێکی بەهێز هەیە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە، بەڵام ناشتوانم بڵێم کۆدەنگی لەسەرە."
کامەران مستەفا بەڕێوەبەری شەهیدانی هەڵەبجەش دەڵێت، "هەموو فراکسیۆنەکان لە عێراق و فراکسیۆنی کوردستانیش پشتیوانی لە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەن.''
موسەننا ئەمین دەڵێت، "هەندێك گرووپ لەوانە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی فەتح بەجۆرێک پڕۆژەیاساکەیان پەکخست، یان وایان لێکرد ناچارت بکەن دەنگ بدەی بە پڕۆژەیاسایەکی ئەوان، بۆ نموونە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی.''
هاوکات بۆ دەنگدان واژۆی پەرلەمانتاران کۆکراوەتەوە و دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
چرۆ محەممەد شەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، کە نزیکەی 120 واژۆی بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەڵەبجە کۆکردوەتەوە و بە یاداشت ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی ، بە رووداوی راگەیاند، لەکاتی کۆکردنەوەی واژۆکان فراکسیۆنە جیاوازەکان هەڵوێستی ئەرێنی بووە، پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەکە دەربڕیوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەڵێنیداوە پڕۆژە نزیکترین کاتدا بخەنە دەنگدانەوە.
نەبوونی سزا و کەیسی کۆمپانیاکان
کۆمپانیا، ئەڵمانی، فەرەنسی، هۆڵەندی و ئەمریکییەکان ئەوانە بوون کەرەستەکانیان بەکارهات لە کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەڵمانی رۆڵی گرنگیان هەبوو لە دروستکردنی بنکەی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیایی عێراق، وەک کارگەی "سامەڕا" لەوانە کۆمپانیاکانی کارل کۆڵب (Karl Kolb) و کۆمپانیای WET.
هەروەها کۆمپانیا فەرەنسییەکان هەندێکیان کەرەستە و تەکنەلۆژیایان گەیاندە عێراق، هاوکات هەندێک کۆمپانیای هۆڵەندیش رۆڵیان هەبوو لە گەیاندنی کەرەستەی کیمیایی بە عێراق.
کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش یارمەتیی زانیاری و هەندێک کەرەستەی پێویستی بە عێراق داوە بۆ بەرنامەی چەکی کیمیایی گازی خەردەل و گازی ئەعساب (سارین و VX) کە لە هەڵەبجە بەکارهاتن، بە کەرەستە و تەکنەلۆژیای ئەم کۆمپانیا و وڵاتانە بەرهەمهێنران، بەپێی بەڵگەنامەکان ئەمانە کۆمپانیاکانن:
ئەڵمانیا:
کارل کۆڵب (Karl Kolb GmbH)
واتەر ئێنجینیەرینگ تەکنۆلۆجی (WET)
پیڵۆت پڵانت (Pilot Plant)
هیبلەر ئەند لینک (Heberger & Ling)
مێڤیس/هێرمان سی. ستارک (Mavis/Hermann C. Starck)
پرۆیز (Preussag)
کۆمپانیای دیکەی ئەورووپی:
فیلیپس ئیکەسپۆرت (Phillips Export) - هۆڵەندی
کۆمپانیای مێلۆڵێک (Melchemie) - هۆڵەندی
تێکنۆکۆنسوڵت ئێکسپۆرت (Techniconsult Export) - ئیتاڵی
پێشنا (PCNA) - ئیتاڵی
سینیا (SNIA) - ئیتاڵی
کۆمپانیای ئەمریکی:
ئەلکۆلاک (Alcolac International)
فیلیپس پێتڕۆلیۆم (Phillips Petroleum)
هەندێک لەم کۆمپانیایانە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداربوون، بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەکان، زۆربەیان ئاگاداری مەبەستی کۆتایی بەرهەمەکانیان بوون، هەندێك کەیس هەبوون لەسەر ئەو کۆمپانیایانە، بەڵام زۆربەیان سزای کەمیان بەرکەوت.
لە ئەڵمانیا، نزیکەی 50 کۆمپانیا ناویان هات لە لێکۆڵینەوەکانی دادگە و بەلایەنی کەمەوە سێ کەیسی گەورە لە دادگەکانی ئەڵمانیا تۆمارکران. یەکێک لە گرنگترینیان دژی کۆمپانیای کارل کۆڵب (Karl Kolb) و پیلۆت پلانت بوو.
لە هۆڵەندا، 2 کەیس تۆمارکران. لە ئەمریکا 3-4 کەیسی سەرەکی تۆمارکران کە کەیسی دژی کۆمپانیای ئەلکۆلاک (Alcolac) یەکێک بوو لە گرنگترینیان.
سەبارەت بە یەکلاییبوونەوەی ئەم کەیسانە:
- تەنیا کەیسێکی کەم بە سزادانی کۆمپانیاکان یەکلایی بوونەوە، ئەویش زۆربەی جار بە سزای پارەیی سووک.
- کۆمپانیای کارل کۆڵب (Karl Kolb) لە ئەڵمانیا بە پێبژاردنی بڕێکی پارە سزا درا.
- ئەلکۆلاک (Alcolac) لە ئەمریکا بە تاوانی ناردنی کەرەستەی کیمیایی بۆ عێراق سزای پارەیی کەمی بەرکەوت.
- قەرەبووکردنەوەیەک بۆ قوربانییانی هەڵەبجە نەبووە لەلایەن ئەم کۆمپانیایانەوە، زۆربەی کەیسەکان یان لابران یان بە سزای سووک کۆتاییان هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ