سەعدی پیرە: لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکووک رێککەوتن هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت لەبارەی گۆڕینی پارێزگاری کەرکووک رێککەوتنێکی پێشوەختە هەیە و گۆڕانکارییەکە پێشتر رێککەوتنی لەسەرکراوە. لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد دەستپێشخەری بکات.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، پرسی پارێزگاری کەرکووک و دابەشکردنی پۆستەکان، دوو ساڵ پێش ئێستا و لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی گفتوگۆی لەسەر کراوە. گوتیشی: "رێککەوتنەکە بەو شێوەیەیە کە دوو ساڵ رێبوار تەها پارێزگار بێت و دوو ساڵەکەی دیکە کەسێکی دیکە بێت، بەڵام کێ دێتە شوێنی ئەو؟ ئەوە ئەنجوومەنی پارێزگا بڕیاری لەسەر دەدات."
 
سەعدی پیرە نەیشاردەوە کە یەکێتی حەز دەکات رێبوار تەها لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، دەشڵێت، گفتوگۆکان بەردەوامن و دەبێت زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر هەر گۆڕانکارییەک رازی بن. رەتیشی کردەوە پرسی پارێزگار پەیوەندی بە پرسی سەرۆککۆمارەوە هەبێت.
 
لەبارەی هەبوونی نیگەرانی لە نێو بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی بۆ رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، دەڵێت: "ئەمانە نیگەران نین، ئەمانە بەرپرسن، بەرپرسی کەرکووکن، خۆشحاڵ نین بەوەی کە کاتی رێبوار تەواو دەبێت".
 
پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی
 
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەعدی پیرە داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کە دەستپێشخەری بکات. راشیگەیاند: "پارتی با ئەمجارە واز لە 'تەسعید' بێنێت و دەستپێشخەری بکات بۆ گفتوگۆ."
 
نزیکەی ساڵێک و شەش مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تائێستا حکومەت پێکنەهێندراوە، هیچ لایەنێک بەشی ئەوەندە کورسی نییە، حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت.
 
یەکێتی دوای هاوپەیمانیی لەگەڵ نەوەی نوێ، دەڵێن خاوەنی 38 کورسین، پیرە دەڵێت: ""ئەگەر توانیبێتمان 38 کورسی رێکبخەین، 39ش دەتوانین." 
 
پشکی کورد لە حکومەتی عێراق
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی پۆستەکانی کوردی لە بەغدا کرد و رایگەیاند، هێشتا زووە باس لە دابەشکردنی وەزارەتەکان بکرێت، چونکە دەبێت سەرەتا ماڵی شیعە لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران رێکبکەون. ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە کەمکردنەوەی ژمارەی وەزیرە کوردەکان دەکەن بۆ سێ وەزیر و گوتی: "تەنیا لەو کاتەدا دەبێت ئەگەر ژمارەی وەزارەتەکان لە عێراق بکرێتە نیوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە