رووداو دیجیتاڵ
محەممەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ بەشێکی گرنگی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکیان جێبەجێ کردووە و جەختی کردەوە کە شارەکە هی هەموو پێکهاتەکانە.
محەممەد ئیبراهیم حافز لە یەکەم لێدوانیدا دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەمڕۆ هەموو هێزە سیاسییەکان جیدییەت و راستیی خۆیان سەلماند لە پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگاکەدا، سەرەڕای ئەو گومانانەی لە سەرەتای کارەکانماندا هەبوون."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کەرکووک، چونکە پرەنسیپی هاوبەشی لەنێوان پێکهاتەکان چەسپێندرا. گوتیشی: "ئیدارەی کەرکووک بۆ هیچ پێکهاتەیەک قۆرخ نەکراوە و ناشتوانرێت ببەسترێتەوە بە تەنیا لایەنێکەوە، چونکە کەرکووک شاری هەمەجۆرییە و ئەمەش دەبێتە سەرچاوەی هێز بۆ دڵنیایی لە شەقامی کەرکووکدا."
سەبارەت بە دواکەوتنی ئەم هەنگاوە، محەممەد ئیبراهیم حافز روونیکردەوە کە ئەو بارودۆخە هەرێمییەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕی، بووە هۆی دواخستنی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنە سیاسییەکە، بەڵام ئێستا بە هەوڵی هەموو لایەنەکان پڕۆسەکە سەرکەوتوو بوو. هیواشی خواست کە قۆناخی ئاڵوگۆڕی داهاتوو بۆ نەتەوەی عەرەب بێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەنجوومەن سوپاسی رێبوار تەها، پارێزگاری پێشووی کەرکووکی کرد و گوتی: "ئەو هەمیشە بێ جیاوازی و شەوانەڕۆژ کاری بۆ خزمەتکردنی کەرکووک کردووە و لە هەموو بڕیارەکانیدا راوێژی بە گەورە و بچووکمان دەکرد." هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا وەک جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک.
ئەم گۆڕانکارییانە لە ئیدارەی کەرکووک لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی سیاسیی پێشوەختەدایە بۆ دەستاودەستکردنی پۆستە باڵاکانی پارێزگاکە لەنێوان پێکهاتەکاندا.
پێشتر رێبوار تەها لە پشکی کورد (یەکێتی) پۆستی پارێزگاری بەدەستەوە بوو، بەڵام بەپێی رێککەوتنەکە، ئێستا پۆستی پارێزگار بە تورکمان و سەرۆکی ئەنجوومەن بە عەرەب دران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ