سەرۆک بارزانی لە یادی کیمیابارانکردنی بالیسان: ئازاری ئەو تاوانانەی بەسەر گەلی کوردستان دا هێنراون لەبیر ناکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی مەسعود بارزانی لە یادی کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی دا دەڵێت، "یاد و ئازاری ئەم تاوانە و هەموو ئەوانەی بەسەر گەلی کوردستان هێنراون لەبیر ناکەین".
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە یادی کیمیابارانکردنی بالیسان، شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی دا رایگەیاند، "ئەو تاوانە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی بێتاوانی ناوچەكە. ئەم تاوانە دەستپێكی پڕۆسەی كیمیابارانكردنی هاووڵاتیی سڤیل و بەردەوامبوونی سیاسەتی سڕینەوەی گەلەكەمان بوو".
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "رژێم هەر بەو تاوانە نەوەستا و دەیان برینداری ئەو كارەساتەیشی دوای دەستگیر كردن بەشێوەیەكی دڕندانە زیندەبەچاڵ كردن".
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژە بەوەیش دەدات، "یاد و ئازاری ئەم تاوانە و هەموو ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون هەرگیز فەرامۆش ناكەین".
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
لە 16ی نیسانی 1987دا، ڕژێمی پێشووی عێراق تاوانێكی تری لەدژی گەلی كورد ئەنجام دا كە بریتی بوو لە كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی. ئەو تاوانە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی بێتاوانی ناوچەكە. ئەم تاوانە دەستپێكی پڕۆسەی كیمیابارانكردنی هاووڵاتیی سڤیل و بەردەوامبوونی سیاسەتی سڕینەوەی گەلەكەمان بوو. ڕژێم هەر بەو تاوانە نەوەستا و دەیان برینداری ئەو كارەساتەشی دوای دەستگیر كردن بەشێوەیەكی دڕندانە زیندەبەچاڵ كردن.
 
لە سی و نۆیەمین ساڵیادی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیەدا، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو كارەساتە دەنێرین و هاسۆزی خانەوادە و كەسوكاریانین. یاد و ئازاری ئەم تاوانە و هەموو ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون هەرگیز فەراموش ناكەین.
مسعود بارزانی
16ی نیسانی 2026
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە