رووداو - هەولێر
پەیامنێرانی رووداو لە نۆرۆژدا، هەواڵ و رووداوی ناوچەکانیان خستەڕوو:
بەغدا.. مەترسی داعش زیاتر بووە
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند رەوشی بەغدا نائارامی بە خۆیەوە بینیوە و ژمارەیەکی زۆری ئاوارە روویان لە بەغدا کردووە و شەڕی ئەنبار مەترسییەکانی لە بەغدا زیاتر کردووە، هەروەها رایگەیان، کە رەوشی ژیان لە بەغدا نائاساییە و خەڵک لەوە دەترسن چەکدارانی داعش تەشنە بکەنە پشتێنەی ئەمنی بەغدا و رەوشی بەغدا تێکبدەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە چەکدارانی داعش 50 کیلۆمەتر لە بەغدا دوورن، هەروەها گەڕانەوەی وەزیری نەوتی عێراق بە بێدەنگی وایکردووە کە چاودێران گەشبین نەبن بە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بە پێی دوایین ئامار ژمارەی ئاوارەکان بۆ بەغدا گەیشتووەتە 100 هەزار کەس ، حکومەتیش پێشوازی لە هاتنی ئاوارەکان ناکات و داوایان لێدەکات بچنە شەڕی داعش و لە رووی مرۆییەوە هاوکارییان ناکات.
ئیستەنبوڵ.. بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلەوەنزای باڵندە
پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند ئەنجامی راپرسییەکان لە بارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا پێشانی دەدەن دەنگەکانی ئاکەپە بە رێژەیەک کەم دەکەن، هەروەها لە هەڵبژاردنەکان گرنگی زۆر دەدرێت بە پرۆسەی دەنگدان لە وڵاتانی دیکە کە تورکییەکانی لێدەژین و بەشداری دەنگدان دەکەن، رکابەری سەرەکیش بە رکابەری لە نێوان هەدەپە و ئاکەپە دەزانرێت. رایشیگەیاند ماوەی دوو هەفتەیە مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە تورکیا هەیە و بە هۆیەوە هەناردەی گۆشتیی مریشک و باڵندە بۆ هەرێمی کوردستان راگیراوە، بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە کاریگەری خراپی بۆ سەر ئابووری تورکیا هەبووە.
کەرکووک.. هێرشێکی داعش تێکشکێندرا
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای کەرکووکەوە هەوڵی هێرشکردنی داوە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکان هێرشەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە، هەورەها هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک دەستی پێکردووەتەوە، بە هەمان رێژەی پێشوو نەوتی کەرکووک هەناردە دەکرێ، هاوکات رەخنە لەوە دەگیرێت کە چۆنییەتی فرۆشتن و داهاتی ئەو نەوتە روون نییە و دانیشتووانی کەرکووک سوود لە داهاتی ئەو هەناردەکردنە وەرناگرن.
سلێمانی.. پرێس کۆنفرانسێک بۆ داهاتی کۆنسێرتی عەدنان کەریم سازدەکرێت
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە سەیدسادق جەخت لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی سەیدسادق کرایەوە کە لە خۆپێشاندانەکانی رابردوو خراونەتە روو، بڕیارە ئەمڕۆ لە سلێمانی پرێس کۆنفرانسێک بکرێت بۆ داهاتی کۆنسێرتی عەدنان کەریم کە بۆ پشتگیریکردنی بنەماڵەی شەهیدان سازی کردبوو.
ئامەد.. دەمیرتاش میتینگی هەڵبژاردن ساز دەکات
پەیامنێری رووداو لە ئامەد رایگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش میتینگێکی هەڵبژاردن لە شارەکانی روحا و عەنتابی باکوری کوردستان بەڕێوەبەرێت.
هەولێر.. تاقیکردەنەوەکانی کۆتایی ساڵ دەستیپێکرد
پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند ئەمڕۆ یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، کە بۆ یەکەم ساڵە لە وەرزی دووەم بە شێوازی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ