رووداو دیجیتاڵ
مانگێک بەسەر کوشتنی ژنە 21 ساڵانەکەی هەولێر تێدەپەڕێت کە بەدەستی هاوژینەکەی کوژرا، بەڵام تاوەکو ئێستا تۆمەتبارانی ئەو رووداوە دەستگیرنەکراون.
ئەو ژنەی کە کوژرا ناوی زەهرا بوو و دایکی سێ منداڵ بوو. زینە مەجیدی دایکی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "مانگێکە خەو و خۆراکمان لێبڕاوە، هەموو رۆژێک ساتی کوژرانی کچەکەمان لەپێش چاوە، کوڕەکەم باری دەروونی تێکچووە و بەردەوام بیر لەو رۆژە و رووداوەکە دەکاتەوە."
زەهرا محەممەد رۆژی 16-4-2021 و کاژێر 04:30 خولەکی ئێوارەی هەینی لە ماڵی باوکی بە دەستی هاوژینەکەی بە دەستڕێژی گوللە کوژرا. زەهرا لە تەمەنی 12 ساڵییەوە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و دایکی سێ منداڵ بوو. دایکی زەهرا دەڵێت، "ئێمە کاتێک ئاسوودە دەبین کە بکوژی کچەکەم و ئەوانەی هاوکاریان کرد دەستگیر بکرێن."
لەسەر رووداوەکە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ھیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە، ئهمه دەبێت کۆتایی پێبێت. وهزیری ناوخۆم راسپاردووه بۆ دڵنیابوون لهوهی تۆمهتبار بە سزای خۆی بگات." زینە مەجید ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو کاتە دڵمان خۆش بوو کە سەرۆکی حکومەت خۆی لەسەر ئەم بابەتە هاتە دەنگ دواتر نوێنەری حکومەت هاتە ماڵمان و گوتی ئەوەی پێویست بێت بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارەکان دەیکەین، پۆلیس گوتی 'دەیدۆزینەوە'، نوێنەری یەکێتیی ئافرەتان هاتن و گوتیان پارێزەرتان بۆ دەگرین، بەڵام لە رۆژی دواتر دیار نەمان و تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک هیچ کارێکیان لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە."
بە گوتەی زینە مەجید، ماڵی ئەو کوڕەی کچەکەیان کوشتووە، چەندجارێک چوونەتە ماڵی دایکی و لەگەڵ خۆیشی قسەیان کردووە و داوایان کردووە، کێشەکە بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بکەن و کۆتایی بەو بابەتە بێنن، "بەڵام من پێیانم گوتووە، بەهیچ شێوەیەک لێتان خۆشنابم و هەرکاتێک کچەکەم زیندووبکەنەوە، ئەوکاتە لێتان خۆشدەبم."
کاتی رووداوەکە، جاسم محەممەد، باوکی زەهرا لەبارەی جیابوونەوە و تەڵاقدانی کچەکەی بە رووداوی گوت، "هێنامانەوە بە سوڵحی عەشائیری تەڵاقی دا، مەلایان لەگەڵدا بوو و شەش شایەتحاڵ لەوێ بووین، مەلا دەستی لەسەر سینگی دانا و گوتی 'کوشتن لای ئێمە نییە' و ئەوە تەڵاقی دا، پرسیاری لە حەیدەر کرد، گوتی تەواو؟ ئەویش گوتی 'تەواو'."
پاش رووداوی کوشتنی کچەکە لە 18ـی نیسان رووداو چووە گوندی گڕاوی خەیلانی و ماڵی باوکی حەیدەر، ئەو پیاوەی لە هەولێر ژنە 21 ساڵانەکەی خۆی کوشت. باوکی حەیدەر 66 ساڵ تەمەنیەتی و لە چوار ژن خاوەنی 20 کوڕ و 12 کچە.
حەیدەر محەممەد کە دوای کوشتنی ژنەکەی هەڵاتووە، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە باسی رۆژی کوشتنی ژنەکەی کرد و قسەکانی باوکی زەهرا رەتدەکاتەوە و دەڵێت "چوومە ژوورەوە، خاڵیشی لەگەڵم بوو، گوتی وەرە خێزانەکەت ببەرەوە، گەر نەیانداوە ئەو کات بۆ خۆت بیکوژە، باوکی و هەموویان وایان گوت، چوومە ژوورەوە، گوتیان لێرە نییە، چوومە ژوورەوە خۆی حەشاردابوو. گوتم وەرە با بچینەوە، لەپشتەوە لە منیان دا، منیش لەوانم دا.. [ئەوە کارێکی] هەڵەیە، بەڵام ناچار بووم، چی بکەم، نامووسی من لەگەڵ کەسی دیکە بڕوات، ئەوە دەکرێت؟ بابیشی گوتی بە من، ئەگەر پیاو بیت بۆ خۆت دەیکوژیت، منیش پاڵپشتیت دەکەم و پەنجەمۆریشت بۆ دەکەم، هەموو مامەکانی و خاڵەکانیشی گوتیان نابێت تۆ بگیرێیت و حەقی خۆتە. با هەموو ئەوانە بگیرێن، ئەوکات منیش دێم و خۆم تەسلیم دەکەم".
ئەبوبەکر محەممەدیش، ئەو مەلایەی کە زەهرا و حەیدەری مارە کردووە، رەتیکردەوە زەهرا لە هاوژینەکەی جیابووبێتەوە. پەیامنێری رووداو لێی پرسی، چۆن کچیکی 12 ساڵانی بۆ کوڕێکی 17 ساڵان مارە کردووە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "زۆرجار شتی وام کردووە، بەڵام لەڕووی شەریعەتەوە دروستە، لەڕووی یاساییەوە راستە نابێت، ئەو ژنە داوای تەڵاقی کرد، حەیدەر گوتی بە مەرجێک لەسەر لاپەڕە بنووسرێت و واژۆ بکرێت، بەڵام ژنەکە رەتیکردەوە".
ئێستا خێزانەکەی زەهرا وەکو دایکی ئاماژەی پێکرد، هیوایان بە قسەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە. هاوکات گوتی، " جارێکی دیکە لە رێگەی رووداوەوە داوا دەکەین بکوژانی کچەکەم دەستگیر بکرێن، ئەوان لەپێش چاوی من کچەکەمیان گوللەباران کرد و من حەقی کچەکەم دەوێت."
رووداو پەیوەندی بە هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێرەوە کرد، ئەو لەبارەی دۆسێکە ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە.
.png&w=3840&q=75)
