رووداو دیجیتاڵ
شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە "بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆ نەبووە"، بەڵام هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە راگەیاندنەکانەوە هێرش نەکەنە سەر یەکدی.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، زیاتر لە 13 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە و نەتوانراوە تەنانەت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێ کە هەنگاوی یەکەمە بۆ دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
"بەرەوپێشچوون کەم بووە"
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی حیزبەکەی و پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی پارتی و یەکێتییە. پێش هەڵبژاردن چەندین کۆبوونەوە کران و نزیکبوونەوەی زۆر باش لەسەر بەرنامەی حکومی و داخوازیی هەردوولا هەبوو."
رزگار حاجی حەمە گوتیشی: "ئەم کۆبوونەوەیە زیاتر بۆ پێشخستنی کارەکان بوو، لەکاتێکدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق رۆژی 29ی مانگ یەکەمین دانیشتنی دەکات و ئێمەش دەبێ ئامادەبین."
لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکەش ئاماژەی بەوەکرد: "لەم کۆبوونەوە پێشڤەچوونی زۆر نەبووە و هەردوولا داخوازییەکانی یەکدییان وەرگرتووە و دەیبەنەوە بۆ مەکتەبی سیاسی، لەوێ دیراسەیان دەکەن و زیاتر دەچینە پێشەوە."
"کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو دیار نییە"
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کە لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی رووداو میوانی شەهیان تەحسین بوو، ئاماژەی بەوەکرد: "پێشنیاز و راسپارەکانی یەکێتی روون و ئاشكران، پێش هەڵبژاردن و ئێستاش ئەوەیە ئێمە بەرنامەی هەڵبژاردنمان هەبوو. داخوازیی ئێمە زیاتر چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە بەبێ رەچاوکردنی سنوور و ناوچە، یەكێتی دەیەوێ هاوبەش بێت لە حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو."
لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووش گوتی: "دیار نییە کەی کۆبوونەوەی دیکە دەکرێ. گرنگ ئەوەیە کۆبووینەوە و تاوتوێی زۆر شت کرا، بەڵام باسی پۆست نەکرا. پێویستە ئێستا کە لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی عێراقین، یەکدەنگ و کۆدەنگ بین. خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستیان بەمەیە، پێموانییە پۆست ببێتە کێشە."
"دەبێ پارتی بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکات"
رزگار حاجی حەمە دەڵێت: "پارتی ئێستا 39٪ی کورسییەکانی پەرلەمانی بردووە و هێزەکانی دیکە 61٪یان هەیە، بۆیە دەبێ پارتی بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە مامەڵە بکات."
لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانیشەوە گوتی: "نابێ پۆست ببێتە کێشە لەنێوانمان، چونکە ساڵی 2026 ساڵی کێشەی بودجە و مووچە دەبێت."
"دەبێ یەکێتی واز لە 50 بە 50 بێنێت"
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، لەبارەی داواکانی یەکێتی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "لە هەموو زمانێکدا مەفهووم هەیە. هەر مەفهوومێک پێناسەی خۆی هەیە. ئێمە پێناسەی هەندێ مەفهووم دەکەین، بەڵام یەکێتی پێناسەیەکی دیکەی هەیە. بۆ نموونە؛ ئەو [یەکێتی] شەراکەت بە 50 بە 50 تێگەیشتووە، دەی ئەگەر 50 بە 50 بێت، ئەمە شەراکەت نییە، تۆ کێکەکە دابەش دەکەیت و تەواو، یەک کەسی دیکە بۆی نییە دەسەڵات و رای هەبێ."
ئاری هەرسین گوتی: "دەبێ یەکێتی واز لە 50 بە 50 بێنێت. وەکو چۆن چارەسەری نەخۆشی چەند زوو بکرێت باشترە، چارەسەری ئەم 50 بە 50یەش هەروایە."
"یەکێتی نایەوێ حەجمی خۆی قبووڵ بکات"
ئاری هەرسین رەخنەی لە یەکێتی گرت و ئاماژەی بەوەکرد: "کێشەی سەرەکیی نێوان ئێمە و یەکێتی ئەوەیە کە ئەو حیزبە نایەوێ حەجمی خۆی قبووڵ بکات، لەوانەیە ئەمە کێشەیەکی دەروونی بێت لە سەرکردایەتی ئەو حیزبە."
بەڵام رزگار حاجی حەمە جەخت لە بەرکەوتەکانی یەکێتی دەکاتەوە و دەڵێ: "لە کۆبوونەوەکەدا باسی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ نەکرا. هەموو لایەنە عێراقییەکان و پارتیش باش لەوە تێگەیشتوون کە پۆستە سیادییەکان لای پارتییە [لە هەرێمی کوردستان]، بۆیە وەکو عورف و کۆدەنگیش پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و دەشبێت".
لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆماریش گوتی: "تاوەکو ئێستا یەکێتی بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیارینەکردووە. دەبێ مەکتەبی سیاسی بە سەرۆکایەتیی کاک بافڵ کۆببێتەوە و بڕیار بدات."
بەڵام هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەوبارەوە بە رووداوی گوت: "مافی پارتی لە هەموو لایەنەکان زیاترە کە داوای پۆستی سەرۆککۆمار بکات."
"دەبێ یەکێتی قەبارەی خۆی بزانێت"
بەرپرسی لقی چواری پارتی دەڵێت: "ئەگەر بە داتا مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکەین، زۆر زەرەریەتی، بە ژمارەی دەنگ و کورسیش. خەڵک ماندووبووە تاوەکو پارتی زیاتر لە ملیۆنێک دەنگی هێناوە، ئەمە دیفاکتۆیە."
"ئەگەر بە ژمارە، یاسا و عورفی سیاسیی قسە لەگەڵ یەکێتی بکەین زەرەریەتی، بەڵام ئەمە ناکەین و دەڵێین، پێکەوە حکومەت پێکدەهێنین، بەڵام دەبێ قەبارەی خۆت بزانیت."
سێ رێگە بۆ چارەسەر
ئاری هەرسین، سێ رێگەی وەکو چارەسەر دیاریکرد.
یەکەم: "هەڵبژاردن بکرێتەوە. بە بروای من ئەمە چارە نییە، چونکە یەکێتی بە هەمان دەسکە گوڵەوە دێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ."
دووەم: "بسازێین. ئەمە لە خاڵی یەکەم باشترە."
سێیەم: "ئێمە بەتەنیا حکومەت پێکبهێنین. ناکرێ پارتی تاهەتایە بوەستێ، ئەگەر زۆرمان بۆ بێت بە ناچاری حکومەت پێکدەهێنین و ئەو وەزارەتانەی پشکی یەکێتی دەبن، بە بەتاڵی جێیان دەهێڵین. هەرکات لەرز و تای عینادی بەریدا، ئێمە لە خزمەتیانین."
"یەکێتی کلیلی بیرکردنەوەی 100٪ بەدەست خۆی نییە"
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: "لای یەکێتی، مافی خەڵک لەپێشینەی کارەکانە و یەکێتی دەیەوێ حکومەتێک پێکبهێنرێت کە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک بکات."
بەڵام ئاری هەرسین دەڵێت: "یەکێتی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی ئامادە نییە، چونکە کلیلی بیرکردنەوەی 100٪ بەدەست خۆی نییە و بەدەست خەڵکی دیکەوە، با ئەم قسەیە زۆر هەڵبگرێت، وابزانم بابەتە روونە، هەمووان دەزانن مەبەستم کێیە."
ئاری هەرسین جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو ئێستاش "یەکێتی نزیکترین هێزە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەگەر سەیری رابردوو بکەیت، ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سەرۆک بارزانی و مام جەلالی رەحمەتی هەبوو، بەڵام ئەم سەرکردایەتییەی ئێستا بە نەمەتی مام جەلال مامەڵە لەگەڵ ئێمە ناکات و لایەن هەیە زۆر لە خۆی بەهێزترە کە بڕیاری بۆ دەدات."
تاکە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی "لە راگەیاندنەوە هێرش نەکەنە سەر یەکدی"
پێکهێنانی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، پشکەکانی هەردوولا لە حکومەتەکان و هەڵوێستی کورد لە بەغدا، گرنگترین خاڵەکانی دانوستاندنەکان بوون. بەڵام رێککەوتنێکی ئەوتۆیان نەکردووە.
رووداو زانیویەتی، شاندەکانی پارتی و یەکێتی کۆکبوون لەسەر ئەوەی، لە راگەیاندنەکانەوە هێرش نەکەنە سەر یەکدی. لەبارەی پۆستی وەزیری ناوخۆش، پارتی پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی لای خۆی بمێنێتەوە.
"وەزارەتی ناوخۆ لای پارتی دەمێنێتەوە"
سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەم، بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ کە یەکێتی داوای دەکات، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە رووداوی راگەیاند: "پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە و خاوەنی 39 کورسییە. دیدگای ئێمە وایە کە لەم قۆناخەدا بۆ بەرقەرارکردنی یاسا، پاراستنی ئەمنییەت و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بە پێویستی دەزانین وەزارەتی ناوخۆ لای پارتی بێت."
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان نەیانگوتووە ئەو وەزارەتە بە یەکێتی بەڕێوەناچێت، بەڵام بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و بەرنامەی پارتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو، مانەوەی ئەو وەزارەتە لای ئەوان بە پێویست دەزانن.
هیوا گەیلانی گوتیشی: "یەکێتی سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکومەت و کۆمەڵێک وەزارەتی دیکەی دەبێت، بۆیە پێمانوانییە بەو پۆستانە هاوبەش نەبن لە حوکمڕانیدا."
هێشتا پارتی و یەکێتی نزیکترینن لەیەکەوە
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی گوت: ''ئێمە هێزێکی سەرەکین لە هەرێمی کوردستان و پارتیش هەر بەو شێوەیەیە، ناکرێ پارتی چاوەڕێی یەکێتی بێت چی بداتێ یان پێچەوانەکەی. دەبێ رێکبکەون پێکەوە حکومەتێک پێکبهێنن.''
ئاری هەرسینیش گوتی: "تاوەکو ئێستاش نزیکترین هێز لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ