رووداو دیجیتاڵ
لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بەفرێکی زۆر باریوە، وشکەساڵیی و کەمیی بەفربارین لە ساڵانی رابردوودا وایانکردووە، ئەمساڵ خەڵک بۆ بەفربارین شایی بکەن.
بارینی بەفر لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەند رۆژێکە دەستی پێکردووە، لەهەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەفر باریوە.
کێشەی زۆر بۆ هاتووچۆی خەڵکیش دروستبووە. لە مەهاباد تیمی ئۆفرۆد بە هانای خەڵکەوە دەچن. بەفر رێگەی سەتان گوندی لە رۆژهەڵاتی کوردستان داخستووە.
هاونیشتمانییەکی مەهاباد لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە قسە دەکات و دەڵێت، "رێگەکان هیچ خاوێن نەکراونەتەوە، بەفرێکی زۆر باریوە، ئەگەر نەخۆشێکت هەبێت تاوەکو بگەیتە شار کێشەی زۆرت بۆ درووست دەبێت."
رێگەی ملە مرواوی کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی سنە و کامێران لە پارێزگای سنە. بەفر هاتووچۆی لەو رێگەیە و رێگە سەرەکییەکانی دیکەی پارێزگای سنەدا راگرتووە.
هاوکات هەر بەهۆی کەشوهەواوە دەوامی رۆژێکی قوتابخانەکانی بەشی زۆری شارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان کرایە پشوو. ئەوەش بووە دەرفەتێک بۆ کات بەسەربردن بۆ ئەو منداڵانە کە هەلی وایان کەم دەستدەکەوێت.
لە گوندی بانەوەڕە لە نزیک پاوە، لە شوێنەکانی دیکەی هەورامانیش بەفری زۆر باریووە، تەنانەت لەو ناوچانەشی کە زۆر بە کەمیی بەفری لێدەبارێت، ئەمساڵ بەفر باریووە و رێگەوبان داخراون.
لە شاری نوراوای پارێزگای لوڕستان؛ هاتووچۆ لەنێو شاریش زەحمەت بووە. سەرەڕای ئەوەش، خەڵکێکی زۆر خۆشحاڵن.
هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی لوڕستان ئاماژە بەوە دەکات، "سوپاسگوزارین لە خودای مەزن لەبەر بارینی ئەم خێر و بەرەکەتە. بەفر، خەڵک و بەتایبەت جووتیارانی ئەم ناوچەیەی زۆر خوشحاڵ کردووە. لەمێژە بەفرێکی وەها لەم شارەدا نەباریوە."
دامودەزگا پەیوەندیدارەکان داوایان لە خەڵک کردووە، بەهۆی دۆخی خراپی رێگەوبانەکانەوە، خۆیان لە هاتووچۆی ناپێویست بپارێزن.
بارینی بەفر لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەمڕۆش بەردەوامە. بەفرێکی زۆر لە ساڵێکدا کە سەرەتا بە وشکەساڵییەکی قورس دەستی پێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ