شوعەیب زارعی چۆن کوژرا و تۆمەتباری کوشتنەکەی لە کوێ دەستبەسەر کرا؟

17-03-2024
نیشانەکردن شوعەیب زارعی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 16-03-2024، لە پشت بارەگای سەرەکیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نزیک گوندی زڕگوێزی سلێمانی، کادیرێکی ئەو حیزبە بە ناوی شوعەیب زارعی کوژرا. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "کادیرەکەیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر کراوە." 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو کۆمەڵە دەستیکەوتووە، شوعەیب زارعی لەلایەن کەسێک بە ناوی (س.ئـ.) کوژراوە. 
 
تۆمەتبارەکە ماڵی لە گوندی زڕگوێز بووە و پەیوەندی هاوڕێیانەی لەگەڵ شوعەیب زارعی هەبووە. رۆژی شەممە شوعەیب و دوو هاوڕێی دیکەیان بانگهێشت دەکات. شوعەیب دەچێتە شوێنی بانگهێشتەکە، بەڵام ئامادە نابێت لەگەڵیان دابنیشێت و دەڵێت کاری هەیە و بە ماتۆڕ بەرەو پشت بارەگای کۆمەڵە دەچێت. تۆمەتباریش بەدوایدا دەچێت و دوای نیو کاژێر، بە ماتۆڕی شوعەیب دەگەڕێتەوە، بەڵام ناچێتە لای هاوڕێکانی و دەڕوات. دوای ئەوە دوو هاوڕێیەکەی نیگەران دەبن، بەدوای شوعەیبدا دەگەڕێن و کاتێک دەیدۆزنەوە دەبینن لەپشتەوە تەقەی لێکراوە و بە گولـلە لە سەری دراوە و گیانی لەدەستداوە.
 
(س.ئـ.)، خەڵکی گوندێکی جوانڕۆیە. پێشتر بۆ ماوەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووە، بەڵام دواتر وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە و چووەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. دوای ماوەیەک دووبارە گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و داوایکردووە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وەکو پێشمەرگە وەریبگرێتەوە، بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ داواکارییەکەی رەتکردووە و چوونی بۆ نێو بارەگاکانی ئەو حیزبەی قەدەخە کردووە. (س.ئـ.) بۆ ماوەیەک دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەڵام ئەو حیزبەش دەریکردووە. ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچی ئەندامێکی لەمێژینەی کۆمەڵە پێکدەهێنێت کە دانیشتووی گوندی زڕگوێزە و لەو گوندە نیشتەجێ بووە.
 
زڕگوێز لە ناحیەی تانجەڕۆ و لە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی هەڵکەوتووە و بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە نزیک ئەو گوندەیە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، (س.ئـ) ویستوویەتی شەوی شەممە 16-03-2024 باشووری کوردستان بەرەو رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێبهێڵێت، بەڵام لە لایەن هێزەکانی ئاسایش لە پێنجوێن دەستبەسەر کراوە و رەوانەی ئاسایشی سلێمانی کراوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە