مەسرور بارزانی بۆ رووداو: رەزامەندیمان لەسەر جێگیرکردنی سیستمی ئەسیکۆدا دەربڕیوە

17-03-2026
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی بەرپرسە لە راگرتنی هێرشی گرووپە لەیاسا دەرچووەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتیش گوتی: "هەرێمی کوردستان رێگر نییە لە هەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام داوای گەرەنتی دەکەین".
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستەسەر پرسە گەرمەکانی وەک هێرشە درۆنییەکان، هەناردەکردنەوەی نەوت، کێشەی مووچە و سیستمی ئەسیکۆدا.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو دا لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا گوتی: "ئێمە هیچ کێشەمان لەگەڵ جێگیرکردنی سیستمەکە نییە، رەزامەندیمان دەربڕیوە و رازیش بووین بەوەی سیستمەکە لە هەرێمی کوردستاندا جێگیر بکرێت، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت بە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بیکەن".
 
هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان
 
سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "هەموو هەوڵێک دەدەین کوردستان و خەڵکی ئێمە پارێزراو بن، ئەم شەڕەی کە ئێستا هەیە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەسەر خەڵکی کوردستان هەبووە، ئێمە بەشێک نەبووین لەو شەڕە و دەمانەوێت کوردستانمان پارێزراو بێت".
 
ئەم قسانەی سەرۆکوەزیران لە کاتێکدایە، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە و لە یەکەم رۆژەوە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووە. 
 
مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد: "هەندێک جار پەلاماری کوردستان دراوە بە درۆن و مووشەک، بەڵام ئەمە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە هیچ پلانێک و مەترسییەک بۆ سەر هیچ کەسێک، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە تایبەتی حکومەتی فیدراڵی کە رێگری بکەن لەو کەسانەی پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن، بە تایبەتی هێز و گرووپە لەیاسا دەرچووەکان کە بەردەوام بە درۆن پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن."
 
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "ئەمە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و حکومەتی فیدراڵی بەرپرسە بە راگرتن و سنووردانان بۆ ئەمانە، چونکە بەشێکیان مووچەخۆری حکومەتی فیدراڵین و لەلایەن ئەوانەوە پارەدار و پڕچەک کراون، ئێستا چاوەڕوانی ئەوە لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە ئاستی چاوەڕوانیی خۆیاندا بن و چیدی نەهێڵن ئەم گرووپانە بەم شێوەیە پەلاماری هەرێمی کوردستان بدەن".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی هێزە هاوپەیمانەکانی کرد و گوتی: "بەڕاستی رۆڵیان هەبووە لە خستنەخوارەوەی ئەو درۆن و مووشەکانەی بە تایبەتی ئاڕاستەی شاری هەولێر دەکرێن، پشتیوانیی هەموو دۆستەکانمان دەکەین کە لەگەڵمان وەستاون. بەردەوام دەبین لەوەی پارێزگاری لە دەستکەوت و مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، خەڵک و کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرچی پێمان بکرێت دەیکەین بۆ پاراستنیان."
 
گوتیشی: "سوپاسی خۆڕاگری و ماندووبوونی هەموو لایەک دەکەم، سەرەخۆشی لە ماڵی شەهیدان و کەسوکاری ئەو شەهیدە سەربەرزانە دەکەین کە چ ئێستا یان رابردوو لەپێناو خاکی کوردستان گیانیان بەخشیوە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم، هیوادارم بە زووترین کات چاک ببنەوە، سوپاسی ماندووبوونی خەڵکی کوردستان دەکەم کە زۆر بەرگەیان گرتووە، زۆر جار پارچەی ئەو درۆن و مووشەکانە بەردەبنەوە و بەر ماڵیان دەکەوێت، هەرچی پێمان دەکرێت بۆ یارمەتیدانیان پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتییان بدەین".
 
"داوای گەرەنتی دەکەین تاوەکو بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت بەرهەم بهێنین"
 
لەبارەی کێشەی نەوت، مەسرور بارزانی گوتی: "لە بابەتی هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە، لەم ماوەیەدا چەندین بەیاننامە دەرچوون هەم لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتەوە، هەم لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە. ئێمە لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی بارودۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و مووچە و دابینکردنی بژێویی ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانین، هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە نەوت هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵام هەندێک راستی هەن؛ حکومەتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی دەینارد بە چەندین ملیۆن بەرمیل رۆژانە بووە، چوار بۆ پێنج ملیۆن رۆژانە بووە، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت نزیکەی 220، 230 و تاوەکو 250 هەزار بەرمیلە، ئەوەی دیکە کە حکومەتی عێراق داوای دەکات لە کەرکووکەوە بە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ جەیهان و بە رێگەی تورکیا هەناردە بکرێت با ئەوەشی 250 تاوەکو 300 هەزارێکی دیکە بێت لەوە زیاتر نییە، بە هەموویەوە ناکاتە نیو ملیۆن بەرمیل، کە ئەمە بە هیچ جۆرێک قەرەبووی ئەو نەوتە ناکاتەوە کە تاوەکو ئێستا عێراق نەیتوانیوە بە رێگەی دیکە هەناردەی بکات، هیوادارین رێگە هەبێت کە حکومەتی عێراق بتوانێت نەوتی خۆی لە هەموو شوێنێک هەناردەی دەرەوە بکات، هەرێمی کوردستان رێگر نییە، هەرێمی کوردستان تەنیا داوای ئەوەی کردووە کە گەرەنتی هەبێت تاوەکو ئێمە بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت بەرهەم بهێنین".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان کرد و رایگەیاند: "بەداخەوە لەم ماوەی رابردوو بەهۆی بۆردومانکردنی کێڵگەی نەوتی و گازی لە هەرێمی کوردستان، بەرهەمی نەوت و گاز وەستاوە، تاوەکو رادەیەکی زۆر کەمی کردووە، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر پەلامار و هێرشەکان کە دەکرێنە سەر کێڵگەکان، بۆیە داوامان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە کە هێرشی سەر ئەو کێڵگانە بوەستێت بۆ ئەوەی نەک تەنیا نەوتی کەرکووک بەڵکو نەوتی کێڵگەکانی دیکەی کوردستانیشی بۆ زیاد بکرێت و بەیەکەوە هەناردە بکرێت، لە لایەکی دیکەوە داوامان کردووە کە بژێوی و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت".
 
لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، بەغدا تۆمەتی دانانی مەرجی پێشوەختە دەداتە پاڵ هەولێر ، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان باس لە گەمارۆی دارایی بەغدا و وەستانی بەرهەمهێنان بەهۆی هێرشی میلیشیاکانەوە دەکات. لە کاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق باس لە نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکی جێگرەوە دەکات کە بە هەرێمی کوردستاندا تێنەپەڕێت.
 
بڕیاریشە ئەمشەو پەرلەمانی عێراق میوانداریی هەردوو وەزیری نەوت و سامانە سرووشتییەکان بکات بۆ تاوتوێکردنی کێشەکە.
 
سەرۆکوەزیران: داوامان کردووە مووچە نەکرێتە کارتێکی سیاسی
 
لە بارەی مووچەی فەرمانبەران، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: "داوامان کردووە بابەتی مووچە نەبێتە کارتێکی سیاسی و هەمیشە دوا بخرێت، خەڵکی کوردستان شایستەی ئەوەن وەک خەڵکی عێراق لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن، هیوادارین حکومەتی فیدراڵ لە ئاستی بەرپرسیارێتیی خۆیدا ئەم کارانە بکات، ئێمە تەنیا داوای میکانیزمی گونجاومان کردووە، داوای گەرەنتیمان کردووە کە بەیەکەوە بتوانن گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی ئێستا هەن، بۆیە پێویست ناکات هیچ لایەنێک موزایەدەمان بەسەرەوە بکات، ئێمە پەرۆشی ئەم بارودۆخەین و دەمانەوێت عێراق و کوردستانیش لەم قەیرانە ئابوورییە دەرباز ببێت، ئێمە پێشنیازیشمان هەبووە و پێشنیازەکەمان ئاراستەی سەرۆکوەزیران لە حکومەتی فیدراڵیدا کردووە، چاوەڕێی ئەوەین کە کۆبوونەوە بکرێت".
 
مەسروور بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کرد و گوتی: "لەسەر بارودۆخی ناوخۆ جارێکی دیکە داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەم کە پشتیوان بن، یەکڕیز بن، بۆ جارێکیش بێت هەستێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەبێت. هەموومان بەیەکەوە بتوانین لەم قەیرانە رزگارمان بێت. هیوادارم بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان بخەنە پێش بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبیی خۆیانەوە".
 
سیستمی ئەسیکۆدا و ئاسایشی خۆراک
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا و لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە سیستمی ئەسیکۆدا و هەناردەکردنەوەی نەوت، هەروەها بارودۆخی کوردستان لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئاسایشی خۆراک، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "ئەسیکۆدا سیستمێکە بۆ بەستنەوەی دەروازەکان و سنوور و بابەتی گومرگ، کە ئەمە سیستمێکە ئێمە هیچ کێشەمان لەگەڵی نییە کە جێگیر بکرێت، حکومەتی عێراق سێ ساڵی پێویست بوو تاوەکو توانی ئەم سیستمە لە هەندێک شوێن جێگیر بکات، کە هەرچەندە تاوەکو ئێستاش لە هەندێک لە شوێنەکان جێگیر نەکراوە، بەڵام ئەوەی کە هەرێمی کوردستان پێویستە ئێمە رەزامەندیمان دەربڕیوە و رازیش بووین بەوەی کە سیستمەکە لە هەرێمی کوردستاندا جێگیر بکرێت، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت بە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بیکەن، ئەمە کاتی دەوێت."
 
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی ئێمە داوامان کردووە لە حکومەتی فیدراڵی کاتمان پێ بدات کە داوای 9 مانگێک کراوە تاوەکو بتوانین ئەم سیستمە جێگیر بکەین. ئەوەی ئێستا حکومەتی بەغدا دەیکات هیچ پاساوێکی نییە کە ناهێڵێت هیچ بازرگانییەک لە سنوورەکانی ئێمەدا بکرێت و دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان تەرخان بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن دەرمان و خواردن و کەلوپەلەکانی دیکە داخڵ بکەین، بە بیانووی ئەوەی کە سیستمی ئەسیکۆدا جێگیر نەکراوە، ئێمە رازین لەسەر جێگیرکردنی سیستمەکە بەڵام داوای کاتمان کردووە، هیوادارین چۆن ئێمە لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا رەفتار دەکەین، حکومەتی فیدراڵیش بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکات. سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بیرمان لەوە کردووەتەوە، هیوادارم تووشی کێشە و قەیرانی خۆراک نەبینەوە، حیسابی ئەوەمان کردووە بۆ ماوەیەک تووشی قەیران نابین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە