رووداو دیجیتاڵ
لە نزیک سایلۆی کەلار درۆنێک ئۆتۆمبێلێکی کردووەتە ئامانج و چوار کەس کوژراون و کەسێکیش بریندارە. دژە تیرۆری کوردستان دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکە ئەندامانی "پەکەکە"ـی تێدا بووە و درۆنی "تورکیا" هێرشەکەی ئەنجامداوە.
هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە نزیک شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، لە نزیک سایلۆی کەلار درۆنێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپی کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار کەس کوژراون و کەسێکیش گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەو بریندارەی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە کوردی رۆژئاوای کوردستانە.
لای خۆشییەوە، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ لە نزیک سایلۆی کەلار لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیاوە کراوەتە ئامانج."
دژە تیرۆری کوردستان پشتڕاستیکردەوە کە چوار کەس کە "سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە" بوون کوژران و یەکێکی دیکەش لە سەرنشینەکان برینداربووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
لەبارەی ئەوەی لە هێرشەکەدا کێ کراوەتە ئامانج، دژە تیرۆری کوردستان باسی لەوە کرد، "ئەو کەسانەی بەئامانجگیراون چەکدارانی پەکەکە بوون."

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ