یاوەر: چوونی كورد بۆ نێو حەشدی شەعبی ئاساییە

18-02-2015
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن پێشمەرگە حەشدی شەعبی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بوونی ژمارەیەك كورد لەنێو ریزەكانی حەشدی شەعبی بە ئاسایی دەبینێ‌ و دەڵێ "لەناو داعشیش كورد بوونی هەیە".

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رایدەگەیێنێ‌، بوونی ژمارەیەك كورد لەناو حەشدی شەعبی حاڵەتێكی ئاساییە،"كورد لەناو داعش هەیە، ئیتر بۆ سەیر بێت لەناو حەشدی شەعبی كورد هەبێت".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایدەكات، كە لەنێو ریزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش ژمارەیەك بە رەگەز عەرەب هەن، "بەتایبەت لەو ناوچانەی پێشتر پێیان دەگوترا ناوچەی جێناكۆك و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە ژمارەیەك كەسی بە رەگەز عەرەب هەن و پێشمەرگەن".

بەڵام یاوەر، ئامادەنەبوو هیچ ئامارێك ئاشكرا بكات، نە لەبارەی ژمارەی ئەو كوردانەی لەنێو حەشدی شەعبیدان، نە لەبارەی عەرەبەكانی نێو هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گوتی: "هیچ ژمارەیەكم لەو بارەیەوە لەلا نییە".

حەشدی شەعبی، هێزێكی میلیشیایە و لەدوای كۆنترۆڵكردنی موسڵ بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش پێكهێنراوە لەلایەن شیعەكانی عێراقەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە