هاتووچۆی هەولێر لەبارەی رووداوەکەی 120 مەتری: شۆفێرەکان لەنێوان خۆیاندا پێکهاتوون و سکاڵا نەکراوە

18-02-2022
کۆشش بێستانسووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی رووداوێک لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە رووداوەکەدا تەنیا زیانی ماددی کەوتووەتەوە و "هەموو لایەنەکانی رووداوەکە لەنێوان خۆیاندا پێکهاتوون و سکاڵایان دژی یەکدی تۆمارنەکردووە".
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 17-02-2022 هاونیشتمانییەک تۆمارێکی ڤیدیۆیی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نارد کە تێیدا لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا لاندکرووزەری تابلۆ شین، چەند جارێک لە ئۆتۆمبێلێکی دیکە دەدات.
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، رووداوەکە لەبەردەم گوندی ئیتاڵی دوو لەسەر شەقامی 120 مەتری لەنێوان "لاندکرووزەرێکی رەنگ رەشی ژمارە شارەوانی - حکومی بووە لەگەڵ پێنج ئۆتۆمبێلی دیکە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە گرتەکە دیاربوو کە شۆفێری ئۆتۆمبێلە لاندکرووزەرە حکومییەکە بە تەواوی ئۆتۆمبێلەکەی لەژێر کۆنترۆڵ دەرچووبوو، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نائاسایی رەفتار بکات".
 
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەکە، وەکو هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بۆ کردووە، "لەسەر فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە لێکۆڵینەوە کرا، ئەنجامە بەراییەکان دەریانخست کە رووداوەکە لە دەروازەی گوندی ئیتاڵی دوو روویداوە، کاتێک لاندکرووزەرە حکومییەکە ویستوویەتی بچێتە ناو گوندی ئیتاڵی دوو، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لە پێش و پشتی بوون و لە ئەنجامی ئەوەی کە شۆفێرەکە کۆنترۆڵی بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی نەماوە، تووشی پێکدادان بووە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکان".
 
هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە رووداوەکەدا جگە لە زیانی ماددی کە بە ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە، سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە. هەموو لایەنەکانی ناو رووداوەکەش لەنێوان خۆیاندا پێکهاتوون و سکاڵایان دژی یەکدی تۆمارنەکردووە".
 
لەبارەی ئەوەی پەیوەندیی بە مافی حکومەتەوە هەیە، هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەوەی پەیوەندیی بە مافی حکومەتەوە هەیە، بە فەرمانی جەنابی وەزیری ناوخۆ، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە حکومییەکەدا گیراوە و رەوانەی گەراجی دەستبەسەرداگرتنی هاتووچۆی هەولێر کراوە، لێکۆڵینەوەش بۆ زانینی راستییەکان لەگەڵ شۆفێرەکە دەستیپێکردووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پڕۆژەی مانهاتن تاوەرز لە هەولێر

لە چوار مانگدا مۆڵەت بە 35 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی 407 ملیۆن دۆلار دراوە

بەپێی ئامارە نوێیەکانی دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی 2026دا، مۆڵەت بە 35 پڕۆژەی جۆراوجۆر دراوە کە کۆی سەرمایەکەیان دەگاتە زیاتر لە 407 ملیۆن دۆلار، کەرتی نیشتەجێبوونیش پشکی شێری لەو سەرمایەیە بەرکەوتووە.