رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارە نوێیەکانی دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی 2026دا، مۆڵەت بە 35 پڕۆژەی جۆراوجۆر دراوە کە کۆی سەرمایەکەیان دەگاتە زیاتر لە 407 ملیۆن دۆلار، کەرتی نیشتەجێبوونیش پشکی شێری لەو سەرمایەیە بەرکەوتووە.
رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 1ی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو مانگی نیسانی 2026، 35 پڕۆژە لە کەرتە جیاوازەکان مۆڵەتیان پێدراوە."
کۆی گشتیی سەرمایەی ئەو پڕۆژانە 407 ملیۆن و 981 هەزار و 952 دۆلارە و لەسەر رووبەری 637 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێن.
28ـی شوبات جەنگ دەستیپێکرد و تاوەکو 08ـی نیسان بەردەوام بوو. بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، زیاتر لە 20 پڕۆژە لە سەرەتای مانگی شوبات تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان مۆڵەتیان پێدراوە. گوتیشی: "جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نەبووە هۆکاری راگیرانی کارەکانمان".
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان، تەنیا 5 پڕۆژەی کەرتی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام لە رووی سەرمایەوە لە پلەی یەکەمن. بەپێی ئامارەکە، 252 ملیۆن و 724 هەزار دۆلار لەو کەرتەدا وەبەرهێنانی تێدا کراوە، کە دەکاتە 61.9%ی کۆی گشتیی سەرمایەی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا.
لە رووی ژمارەی پڕۆژەکانەوە، کەرتی هاوبەش بە 12 پڕۆژە لە پلەی یەکەمدا دێت، کە 34.2%ی کۆی پڕۆژەکان پێکدەهێنێت و سەرمایەکەی زیاتر لە 62 ملیۆن دۆلارە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان کەرتەکانی دیکە بەم شێوەیە دابەشبوون:
پیشەسازی: 9 پڕۆژە بە سەرمایەی زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلار.
بازرگانی: 4 پڕۆژە بە سەرمایەی 32.5 ملیۆن دۆلار.
فێرکردن (پەروەردە): 5 پڕۆژە بە سەرمایەی 15 ملیۆن دۆلار.
لە ئامارەکاندا دەرکەوتووە، کەرتی نیشتەجێبوون زۆرترین رووبەری زەوی بۆ تەرخانکراوە، کە 241 دۆنمە و دەکاتە 37.8%ی کۆی ئەو زەوییانەی بۆ وەبەرهێنان لەو چوار مانگەدا تەرخانکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ