رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بڕیاربوو دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 19/02/2022 رێوڕەسمی هاوبەشی ئەو دوو حیزبە بەبۆنەی "رۆژی کۆمەڵە" لە هۆتێلێکی شاری سلێمانی بەڕێوەببەن، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارە پێیانڕاگەیاندوون نابێت رێوڕەسمەکە بەڕێوەببەن.
ئەو دوو لایەنەی کۆمەڵە، کە دوای نزیکەی 15 ساڵ دابڕان لە هەوڵی یەکگرتنەوەدان، ئەمساڵ دەیانویست رێوڕەسمی رۆژی کۆمەڵە، 43یەمین ساڵیادی ئاشکراکردنی چالاکییەکانی ئەو حیزبە پێکەوە بەڕێوەببەن، چەند رۆژێک لەمەوبەر بانگهێشتی هێز و لایەنە سیاسییەکان و ئەندام و لایەنگر و دۆستانی حیزبەکەیان کردبوو، بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا بەشداری بکەن، کە بڕیاربوو رۆژی شەممە لە هۆتێلی های کریستی شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری رێگریکردن لە رێوڕەسمی هاوبەشی دوو لایەنی کۆمەڵە نەداوە. تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیکرد بە گوتەبێژەکەیانەوە کرد، بەڵام بەردەست نەبوو بۆ لێدوان.
بەرپرسێکی کۆمەڵە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی پێیانراگەیاندوون، لەم دۆخەدا بەڕێوەبردنی ئەو رێوڕەسمە بە باش نازانن، بۆیە نابێت لەنێوشاری سلێمانی بەڕێوەی ببەن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمیتەی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بڕیاریانداوە رێوڕەسمەکە لە کاتێکی دیکەدا لە بارەگاکانی خۆیان بەڕێوەببەن.
کۆمەڵە ساڵی 1969 دامەزراوە. بەڵام چالاکییەکانی رۆژی 26ی رێبەندان لە ساڵی 1979ی زایینی و دوای شەهیدبوونی محەممەد حوسێن کەریمی ئاشکرا بوو. هەر لە سەرەتای چالاکییەکانیدا و ساڵێک دواتر فوئاد مستەفا سوڵتانی، لە رێبەران و دامەزرێنەرانی دیاری کۆمەڵەش شەهیدبوو.
کۆمەڵە سەرەتا لەژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستی بە چالاکی کرد. ساڵی 1983ش لەگەڵ گرووپێکی چەپ بە ناوی سەهەند، بە رێبەریی مەنسوور حیکمەت یەکیان گرت و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان پێکهێنا. کۆمەڵە بووە رێکخراوی کوردستانیی ئەو حیزبە. ئەم رێکخراوەش چەند ساڵ دواتر جیابوونەوە تێیدا روویدا و ساڵی 2007 کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی لێ جیابووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ