رووداو- کۆبانێ
دوای نزیکەی 5 مانگ هێرشکردنە سەر کۆبانێ و گەڕانەوەی هاونیشتمانیان بۆ ئەو شارە، دەستکراوە بە دووبارە بنیاتنانەوەی کۆبانێ، بەڵام خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ئەو شارە هاونیشتمانیانی نیگەرانکردووە.
بەهۆی نەبوونی پێداویستی تەندروستی بۆ منداڵان و نەکوتانیان، مەترسی لەسەر گیانی منداڵانی کۆبانێ هەیە، هەر 100 کەسێکیش لەو شارە 18 سەرینی نەخۆشخانەیەکی بچووکیان بەردەکەوێ.
رۆژی 15ی ئەیلوولی 2015، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر کۆبانێ کە نزیکەی 400 هەزار کەسی تێدا دەژی، داعش لە سێ لاوە گەمارۆی ئەو شارە کوردییەیدا، بەڵام دوای بەرخودان و بەرگریکردنێكی نزیکەی 5 مانگی لەو شارە، رۆژی 26 ی کانوونی دووەمی 2015 خەڵکی کۆبانێ دوای ئاوارەبوون بۆ باکووری کوردستان، گەڕانەوە شارەکەیان.
سێ لای شارەکە داعشی تێدایە
بەهۆی ئەوەی هەریەکە لە جەرابلوس لە رۆژئاوا، گرێ سپی لە رۆژهەڵات و لە باشووریش رەققە لە دەوروبەری کۆبانێ هەڵکەوتوون، بۆیە گەیشتنی کۆمەک و هاوکارییەکان لە بەشەکانی دیکەوە بۆ کۆبانێ سەختە، لە کۆبانێ کێشەی زۆری کەمی خۆراک، جلوبەرگ، سەوزە و میوە و سووتەمەنی هەیە.
تاکە دەروازەی کۆبانێ دەروازەی سنووری پورشیدپنارە، بەڵام تەنیا رێگە بە نەخۆشی لەناکاو و حاڵەتی تایبەت دەدرێ، ئەوانەشی دەگەڕێنەوە کۆبانێ تەنیا بەشی ئەوەی بتوانن بە دەستی خۆیان بگوازنەوە، کەلوپەل دەبەنەوە کۆبانێ و تەنیا لە رۆژانی یەکشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە دەکرێتەوە.
زۆربەی ئەو هاوکارییانەی تاوەکو ئێستا گەیێندراونەتە کۆبانێ لەلایەن پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (DBP) بووە. لە 26 ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە (DBP) زیاتر لە 200 کامیۆن هاوکاری گەیاندووەتە کۆبانێ.
عەنتەر نەحسان، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کە کێشەی سووتەمەنی لە کۆبانێ هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش داوای کردنەوەی سنووری کرد.
مارکێت و دەرمانخانەکان کراونەتەوە
لە کۆبانێ چەند مارکێتێک و دەرمانخانەیەک کراونەتەوە، بەڵام بەپێی پێویست نین، نەخۆشخانەی ئەمەل کە لە کۆبانێ کراوەتەوە، 12 پزیشک و 22 پەرستار لەخۆدەگرێت.
حیکمەت ئەحمەد، کە یەکێکە لە پزیشکەکانە بە رووداوی گوت: "لە ماوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، چوار نەخۆشخانە بەتەواوی لەوە کەوتن بە کەڵکی بەکارهێنان بێن".
هەروەها گوتی: "نەخۆشخانەی ئەمەل 18 سەرینییە، کە ئەمەش بەپێی پێویست نییە، ناردنی نەخۆشەکان بۆ تورکیا زیادیکردووە، کێشەی کەمی خوێن و ئامێری پزیشکیمان هەیە".
خەڵک دەچن لە گوندەکان نیشتەجێدەبن
ئەو خەڵکەی دەگەڕێتەوە زیاتر دەچن لەو گوندانە نیشتەجێ دەبن کە کەمتر داڕووخاون. ئیبراهیم کوردۆ، وەزیری دەرەوەی کانتۆنی کۆبانێ بە رووداوی گوت: "داعش نیوەی گوندەکانی بۆمبڕێژکردووە، ئێمەش بەردەوام خەڵک لەو مەترسییە ئاگاداردەکەینەوە".
لەو رۆژەوەی کە کۆبانێ كۆنترۆڵكراوەتەوە، تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەو مینانەی داعش لەو شارە و گوندەکانی دەوروبەری دایناوەتەوە و بەر هاونیشتمانیان تەقیونەتەوە، 52 هاونیشتمانی شەهیدبوون و 65ی دیکەش برینداربوون.



کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ