رووداو دیجیتاڵ
شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کۆبانێ بۆ فیلم بەڕێوەدەچیت و سێ رۆژ دەخایەنێت و بە بەرنامەیەکی دەوڵەمەند و رەنگین پێشوازی لە میوانەکانی دەکات.
لە فێستیڤاڵەکەدا رەنگە جیاوازەکانی سینەما پێشکێش دەکرێن، لە رۆژی یەکەمدا، میوانانی فێستیڤاڵ کە تەنیا هونەرمەند، دەرهێنەر و رۆشنبیران نین، بەڵکو سپۆنسەرەکانی فێستیڤاڵەکەش ئامادە بوون.
بەرپرسی فەرمیی فێستیڤاڵی کۆبانێ بۆ رووداو باسی ئامانجەکانی فێستیڤاڵەکە دەکات و دەڵێت، لە رێگەیەوە کولتوورە جیاوازەکان پێکەوە گرێ دەدرێن.
بیتەر عەلی، رێکخەری فێستیڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاند: "بۆچی فیلمی بیانی لە فێستیڤاڵی کۆبانێدا زۆرن؟ بە راستی دەمانەوێت وەکو فێستیڤاڵی کۆبانێ ببینە پردێک لەنێوان سینەمای کوردی و جیهانیدا، کاتێک دەبینین لە 127 وڵاتەوە فیلم هاتوون، ئەوان دێن ئامادە دەبن، سەیری فیلمەکان دەکەن، دەرهێنەرە بیانییەکان دێن ئامادە دەبن و سەیری فیلمەکان دەکەن، ئەوان کولتووری ئێمەی کورد دەناسن، ئێمەش لە رێگەی فیلمەکانیانەوە ئەوان و رۆشنبیرییان دەناسین، یەکێک لە ئامانجەکان ئەوەیە ببینە پردێک لەنێوان سینەمای جیهانی و کوردیدا".
ژمارەیەکی زۆر فیلم لە وڵاتانی زۆرەوە گەیشتوونەتە فێستیڤاڵ، لیژنەی دادوەرانیش ماوەیەکی زۆر کاریان کردووە بۆ ئەوەی لەنێو زیاتر لە هەزار و 100 فیلمدا هەڵبژاردن بکەن.
نەوزاد شێخانی، دەرهێنەری کوردی ئێزدی بە رووداوی گوت: "ئێمە پێنج کەس وەکو ئەندامی لیژنەی دادوەرانین، دوای ئەوەی نزیکەی هەزار و 100 فیلم گەیشتنە فێستیڤاڵەکە، لیژنەیەک هەیە، لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمەکان، ئەوانیش کارێکی زۆر قورسیان لەسەر فیلمەکان کرد، لە کۆتاییدا 29 فیلم گەیشتنە لای ئێمە، ئێمەش ئەو 29 فیلمە دەخەینە لیستی کورتەوە، دوای ئەوەی خرایە لیستی کورتەوە، کۆبوونەوەیەک دەکەین ئەندامانی لیژنەی دادوەران دەڵێین ئەم فیلمە یان ئەو فیلمە باشترینەو خەڵات وەردەگرێت، وەکو باشترین فیلمی درێژ، باشترین کورتەفیلم، ئەنیمەیشن، ئەکتەر یان دەرهێنەر".
میوانەکانیش بە خۆشحاڵییەوە بەشداریی دەکەن، ئەوان زۆربوونی فێستیڤاڵی لەم شێوەیە بە باش هەڵدەسەنگێنن و هیوادارن لە داهاتوودا ئەم کارە بەردەوام بێت.
سەڵاح مووسا، بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بوو و بە رووداوی گوت: "یەکەمجارە دێمە فێستیڤاڵی سینەمای کۆبانێ و پیرۆزی دەکەم، جێگەی شانازییە زۆر دڵخۆشین کە کورد هاتووەتە ئەم بوارەوە و دەتوانێت وردە وردە خاوەندارێتی لەم هونەرە ناسکەی بکات، کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە و مرۆڤ هەیە، ئەویش سینەمایە، سینەما شتێکی زۆر خۆشە".
لە فێستیڤاڵەکە فیلمی کوردی، ئێرانی، پۆڵەندی و نەتەوەکانی دیکەش پێشان دەدرێن و براوەکان خەڵات دەکرێن، چاوی میوانان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ