هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ بەهۆی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی نۆژەنکردنەوەوە دادەخرێت

18-07-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمڕۆوە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ دادەخرێت، ئەوەش بەهۆی جێبەجێکردنی کارەکانی ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سۆرانەوە. قایمقامی سۆران دەڵێت، ساڵی داهاتوو دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 18ی تەممووز؛ رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی نۆژەنکردنەوە، لە ئەمڕۆوە هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ دادەخرێت و کارکردن تێیدا دەستپێدەکات."

قایمقامی قەزای سۆران گوتیشی، "تەواوبوونی کاری ماستەرپلانەکە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانە و دیزاینەکەی بە شێوازێکی ناوازە و پڕۆفیشناڵ ئامادە کراوە، کە بە تەواوبوونی دەبێتە یەکێک لە جوانترین هاوینەهەوارەکانی ناوچەکە."

لەبارەی کاتی کردنەوەی، رەجەب زوبێر گوتی، "تەواوبوونی کارەکان کاتی زۆری پێویستە؛ رەنگە بتوانین بۆ وەرزی بەهار جارێکی دیکە بیکەینەوە بەڕووی گەشتیاراندا."

سەبارەت بە شێوازی جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکە، رەجەب زوبێر گوتی، "جگە لەوەی بەشی ناوەوەی هاوینەهەوارەکە دەڕازێنرێتەوە، سەرجەم ئەو مارکێت و شوێنە زێدەڕۆییانەش لادەبرێن کە دیمەنی جوانیی تاڤگەکە و ناوچەکەیان شاردووەتەوە."

هاوینەهەواری بێخاڵیش ماستەرپلانی بۆ دانراوە. قایمقامی سۆران رایگەیاند: "ماستەر پلان بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی هاوینەهەواری بێخاڵیش ئامادەکراوە. رەنگە لە مانگی 10 یان 11ی ئەم ساڵ کارەکان دەستپێبکرێن."

هاوکات هاوار پیرۆت، سەرپەرشتیاری پرۆژەی گەلی عەلی بەگ بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە ئاگادار کراونەتەوە دەرگاکانی پرۆژەکە دابخەن و چیدیکە پێشوازی لە گەشتیاران نەکەن.

هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و یەکێکە لە پڕ گەشتیارترین هاوینەهەوارەکانی هەرێمی کوردستان و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە رووی تێدەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.