لە سلێمانی چوار کەس بەتۆمەتی دەستدرێژیکردن و نوشتە و جادوو'' دەستگیرکران

18-12-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن سلێمانی دەستگیرکردن
A+ A-

رووداو - هەولێر

هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد، كە بەناوی نوشتەو جادووەوە پارەیان لە كچان و ژنان وەرگرتووە و دواتریش دەستدرێژیان كردووەتە سەریان.


بەشی راگەیاند ‌و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە رایگەیاند: "هێزەكانیان لەناو شاری سلێمانی چوار كەسیان دەستگیركردووە كە بەناوی نوشتەو جادووەوە پارەیان لە كچان و ژنان وەرگرتووە دواتر دەستدرێژیان كردووەتە سەریان".

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "دوای سكاڵای كەسێك ‌و بەدواداچوونەكانمان ‌و ئەنجدامدانی پشكنین بۆ ئەو كەسە‌ ، دەركەوتووە كەسێكی دیكە دەستدرێژی كردووەتە سەری ‌و دواتریش توانیمان ئەو تۆمەتبارە دەستگیربكەین ‌و دوای لێكۆڵینەوەش دانی بە تاوانەكەیدا ناوە".

پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو کەسە لە دانپێدانانەکەدا گوتویەتی ''دەستدرێژی كردووەتە سەر سكاڵاكار و ئافرەتێكی دیكەش، هاوكات بە مەبەستی جادووكرن پارەی لە چەند ئافرەتێكی دیکەش وەرگرتووە" .

لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا ئەوەش خراوەتەڕوو ''دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانراوە سێ‌ تۆمەتباری دیكە كە هەمان كاریان لەگەڵ ژنان و كچان كردووە دەستگیربكرێن''. 

ئەو تۆمەتبارانە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 393 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە