حکومەت پاش کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئیمرالی: ئامادەی هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکین

19-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ئیمرالیی دەم پارتی کۆبووەوە؛ حکومەت لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "مەسرور بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە شاندەکەی ئیمرالی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها رۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانییان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند".
 
شاندەکە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لە دیدارەکەدا، "سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتیی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی".
 
لەبارەی هەماهەنگیکردنی پرۆسەی ئاشتی، حکومەت باس لەوە دەکات، "سەرۆکی حکومەت هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەم بارەیەوە نیشاندا".
 
شاندی ئیمرالی رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 
  
شاندەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە