رۆژنامەنووسێک: داوای چۆڵکردنی سلێمانیمان لێ مەکەن

19-06-2015
رووداو @Rudawkurdish
بەرزان عەلی حەمە
بەرزان عەلی حەمە
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

رۆژنامەڤانێکی شاری سلێمانی ئاشکرایدەکات کەلەسەر نووسینەکانی لەسەر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەلایەن ئاساییشی سلێمانییەوە هەڕەشەی لێکراوە و بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت:" چیتر ئازارمان مەدە و داوای چۆڵکردنی سلێمانیمان لێ مەکە".


بەرزان عەلی حەمە بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:"ماوەی دوومانگ پێش ئێستا من هەندێ وتارم لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتی خۆم لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، ماوەیەکی زۆر هەڕەشە و گوڕەشەم لێکرا لەرێگەی فەیسبووکەوە، من ئەو کاتە گوێم نەدا و میدیام ئاگادار نەکردەو".

بەرزان عەلی حەمە ئاشکرایدەکات کە" رۆژی چوارشەممە 17-6-2015 لەلایەن ئاسایشی سلێمانی بەشی هۆبەی ئۆپەراسیۆن، لەلایەن بەرپرسی هۆبەکە کەناوی سەرخێڵ بوو پەیوەندییم پیوەکرا، من رۆژی پێنجشەممە 19-6-2015 سەردانی ئەوێم کرد و بەشێوەیەکی زۆر بێ ئەدەبانە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ من کرد".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی قسەکان لە ئاساییشی سلێمانی کە لەگەڵیان کردووە بەرزان عەلی حمە گوتی:"ئەوان لێکۆڵینەوەیان لەسەر نووسین لەگەڵ من کردووە لەکاتێکدا ئەوە کاری ئاساییش نییە لێکۆڵینەوە لەسەر نووسین لەگەڵ من بکات. لەمنیان پرسی سەر بە چ لایەنێکی سیاسیت ئەگەر سەر بە یەکێتی نیت و ئەو قسانەی لەسەر یەکێتی دەیکەیت، لێت قبوڵناکەین".

گوتیشی:"ئەو بەڕێزەی کە ئەفسەری هۆبەی ئۆپەراسیۆنە لەئاسایشی سلێمانی، روبەڕوو هەڕەشەی لێکردم و گوتی لێت قبوڵ ناکەین.

لەبەشێکی قسەکانیدا بەرزان عەلی حمە باس لەوەدەکات:"لەماوەی رابردوو لاهۆر شێخ جەنگی وەک بەرپرسی دژە تیرۆر خۆی تەلەفوونی بۆکردووم، ئەو برادەرەیش کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە لە هۆبەی ئاسایش بە من دەڵێت، چیت لەسەر لاهوور نووسیوە،لەکاتێکدا نووسینەکانم دیارە و هەمووی لە فەیسبووکم بڵاوکراوەتەوە و بینیویانە".

بەگوتەی ئەو رۆژنامەڤانە دوو پەرلەمانتار ئاگاداری ئەو رەوشەن ، ئەو دەلیت:" من لێرەوە رای گشتی لێ ئاگادار دەکەم و بەهەموو لایەک دەڵێم ، دەزگای ئاسایشی گشتی سلێمانی ماوەیەکی زۆرە بە فەرمی هەڕەشە لەمن دەکات، دوو پەرلەمانتار کە یەکێک لەوانە بێستون فایەقە پێشتر ئاگادارم کردووە کە ئاسایشی سلێمانی من بانگدەکات و دەچمەلایان بزانم چییان دەوێت".

بەرزان عەلی حەمە روو لە هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکات بەو پێیەی نووسینەکانی لەسەر ئەو بووە و پێیوایە لەسەر ئەو هەڕەشەی لێدەکرێت، ئەو دەڵێت:" من داوا لە بەڕێز هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەکەم چونکە لەوێ وەک دەزگایەکی حیزبی و وەک مەلبەندی یەکێتی لێپێچینەوەیان لەگەڵ من کرد، نووسینەکانی رابردوویشم لەسەر هێرۆخان بووە، بۆیە داوای لیدەکەم، فەرمانێک بدات بەو دەزگا حیزبییە، با ئەو برادەرانە لەکۆڵ من ببنەوە، ماوەی سێ مانگە لە هەموو رێگایەکەوە هەڕەشە لەمن دەکەن".

دەشڵێت:" داوا لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکەم، ئەو دەزگایەی کە وەک کۆمیتە و بارەگای حیزبی ئەوانی لێهاتووە، با ئەو هێزە سەربازییانەیان راگرن و واز لە من بێنن".

بەگوتەی ئەو رۆژنامەڤانە "ئەو برادەرەی کە بەرپرسی هۆبەی ئۆپەراسیۆنە لە ئاساییش داوای چۆڵکردنی شار لەمن دەکات، وەک ئەوەی سلێمانی هەدیەی ئەوان بێت داویانە بە من، داوا لە پەرلەمانی کوردستان و هەموو ئەوانەی خۆیان بە ئازادیخواز دادەنێن، ئاگادار بن کە دەزگاییەکی فەرمی هەڕەشە لە من دەکات".

بەرزانی عەلی حەمە بەڕاشکاوی روودەکاتە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و دەڵیت:" هێرۆخان لێرەوە پێت دەڵێم هێزەکەت، ئاساییشەکەت کە وەک بارەگاییەکی حیزبییە، لەسەر شانی ئێمە لایدە، چیتر ئازارمان مەدە و داوای چۆڵکردنی سلێمانیمان لێ مەکەن".
  
هەر سەبارەت بەو پرسە لە بەیاننامەیەکدا کە سەنتەری میترۆ بڵاویکردوەتەوە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کێشەکانیان لەگەڵ رۆژنامەنووسان بە هەڕەشەو تۆقاندن چارەسەر نەکەن و رایدەگەیێنێت:" ئێمه‌ له‌ سه‌نته‌ری میترۆ رایده‌گه‌یه‌نین بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ده‌بڕینی بیروڕا به‌ یاسا له‌ هه‌رێمی كوردستان پارێزراوه‌. هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كێشه‌ی له‌گه‌ڵ نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسان هه‌یه‌ با له‌ رێگه‌ی یاساوه‌ چاره‌سه‌ری بكات نه‌ك به‌ هه‌ره‌شه‌و تۆقاندن". 

سەنتەری میترۆ بانگهێشتکردنی ئەو رۆژنامەڤانە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە سنوور بەزاندنی ئەو دەزگا ئەمنییە دادەنێت و رایدەگەیێنێت:" میترۆ له‌كاتێكدا ئه‌م ره‌فتاره‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌ بانگكردنی هه‌ر هاووڵاتییه‌ك ده‌بێت به‌ بڕیاری دادگا بێت، نابێت ئاسایش و پارێزه‌رانی یاسا له‌هه‌رێمی كوردستان سنووری ئه‌ركه‌كانی خۆیان ببه‌زێنن، له‌سه‌ر ده‌ربڕینی بیروڕا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ران بكه‌ن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە