پارێزگاری هەولێر: لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر کارەکانی کۆمپانیای بازاڕی داون تاون پێکدەهێنین

19-09-2022
گۆڤەند مستەفا
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر ئاگرکەوتنەوە لە چەند دوکانێکی بازاڕی داون تاونی هەولێر ئومێد خۆشناو رایدەگەیێنێت، وەکو حکومەت لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر کارەکانی کۆمپانیاکە و بازاڕی داون تاون پێکدەهێنن و رێکاری یاسایی لە بەرامبەر دەگرنەبەر.
 
لە دوای کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 19-09-2022، ئاگر لە نهۆمی یەکەمی بازاڕی داون تاون لەنێو سەنتەری شاری هەولێر کەوتەوە. دوای سێ کاژێر لە کەوتنەوەی ئاگرەکە پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی راگەیاند و گوتی: "هیچ مەترسییەک لەسەر بازاڕەکە نەماوە." 
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەرگریی شارستانی کرد بەرامبەر ئەوەی "لە ماوەیەکی پێوانەیی زۆر کورت" توانییان بگەنە سەر رووداوەکە و "ئەگەرچی کۆنترۆڵکردنەکەی ئەستەم بوو"، بەڵام توانییان کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن، سەرەڕای ئەوەی نێوانەکەی زۆر درێژ بووە و هیچ سیستمێکی بەرگریی شارستانیش لەنێو بازاڕەکەدا نەبووە. 
 
ئومێد خۆشناو گوتی: "هەرچەندە بە نووسراوی فەرمیی بەرگریی شارستانی کۆمپانیاکەی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکەن، بەڵام چارەسەریان نەکردووە. سوپاس بۆ خودای گەورە کە رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە." 
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، ئومێد خۆشناو گوتی: "لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش دواتر رادەگەیێندرێت، بەڵام گرفتی بنچینەیی نەبوونی سیستمی بەرگریی شارستانییە لەنێو بازاڕەکە، لەسەر ئەمەش کۆمپانیا کەمتەرخەم بووە بۆیە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە، ئەو کەسەی لەو ئاگرکەوتنەوەیەش زەرەرمەند بووە لە ئێستاوە دەتوانێت بچێت داوا تۆمار بکات. ئێمەش وەکو حکومەت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر کارەکانی ئەو کۆمپانیایە و بازاڕەکە پێکدەهێنین." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک خرایەوە سەر کارەکەی

رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بڕیاری لادانی زوهێر عەلی لە پۆستی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە هەڵوەشاندەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات دادگەی باڵای کارگێڕی تانەی لە بڕیارەکەی پێشووی پارێزگار دا.