رووداو- سلێمانی
بەبڕیاری دەستەی گەشتو گوزاری سلێمانی میوزیک و گۆرانی لە هۆتێل و کافتریاکانی ئەو شارە قەدەخە کراوە، تەنیا رێگە بە هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان دەدەن ئاهەنگی گۆرانی میوزیکیان تێدا بکرێت.
ئەو بڕیارە ناڕەزایی خاوەن هۆتێل و کافتریاکانی لێکەوتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکەن.
لاوك میرزا، خاوەنی كافتریایەکی چوار ئەستێرەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە شەوانی پێنج شەممەمان دانابوو بۆ ئەو خێزانانەی كە دێن لای ئێمە نان دەخۆن و بە مۆسیقایەكی لەسەرخۆ كەشێكی خۆشیان بۆ دەستەبەر دەكەین، شوێنی دیکە دەنگی بەرز بەكار دێنێت پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، پاساوی ئەم بڕیارە ئەمنی قەومییە كە ئێمە تا ئێستا هیچ كێشەیەكی ئەمنیمان نەبووە".
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت كە بەگوتەی بەرپرسانی حكومەت لەسلێمانی، بەشێك لە كافتریا و رێستۆرانتەكان بە دەنگی بەرزی بڵندگۆ و گۆرانیبێژان خەڵكی گەڕەكەكانیان بێزاركردووە، بەڵام سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان دەڵێت"ئەم بڕیارانەی گەشتوگوزار لە سەرئەنجامی بێ بەرنامەیی حكومەتەوە دێت".
جەزای ساز، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی رێنماییەكان دەبێت نیۆانی دوو كافتریا لە پێنج سەد تا كیلۆمەتر كەمتر نەبێت، بەڵام گەشتوگوزار مۆڵەتی وای داوە كە نێوانیان دەمەترە، هەندێك شوێنیش كە ناو ماڵانە نەدەبوو سەرەتا خۆیان مۆڵەت بدەن و ئێستا بە پاساوی دیكەوە بڕیارمان بەسەردا بدەن".
لەناوەندی شاری سلێمانی، نزیكەی 200 كافتریا و ریستۆرانت هەیە، كە زۆربەیان یەك تا چوار ئەستێرەین، ئەو شوێنانە بەم ساڵانەی دوایی لەڕێگەی هەفتەی شەوێك ئاهەنگی شەوانەوە بژێوی خۆیان و گۆرانیبێژەكانیشیان دابین دەكرد.
ئارام شوانی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناكرێت لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی خەڵك لەبەر خاتری چەند كەسێك بێدەنگ بین، بەهیچ جۆرێكیش ئەم بڕیارانە بۆ بەرژەوەندی پێنج ئەستێرەییەكان نییە. چونكە ئەوان شوێنی گەورە و هۆڵیان هەیە و كێشە بۆ خەڵك و ژینگە دروست ناكەن"
ئەگەر بڕیارەكەی گەشتوگوزار سەربگرێت، لەمەودوا نابێت بۆ ئاهەنگ گێران بڵندگۆ و شوێنی كراوە بەكار بهێنرێت، نێرگەلە كێشانیش لەكافتریای ژێر زەمین و شوێنی داخراو و سەر شۆستە و بۆ منداڵی خوار تەمەن 18ساڵ قەدەخە دەكرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ