رووداو- هەولێر
دوای نەورۆز ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکانی کەرکوکدا دەخاتە دەنگدان، لیستی برایەتی دڵنیان لەوەی بە زۆرینەی دەنگ پێشنیازەکە پەسەند دەکرێ لە کۆی 41 ئەندامی ئەنجومەن 26 دەنگی لیستی برایەتی لە دەنگداندا مسۆگەرن.
دوای بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە دانانی ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکانی کەرکوک قاڵبێکی فەرمی وەردەگرێت. فراکسیۆنی تورکمان و عەرەب دژی بڕیارەکەن و دەڵین مافی ئەنجوومەنی پارێزگا نیە بڕیار لە سەر ئاڵا بدات، ئەگەریش دواجار ئەنجام بە دڵی ئەوان نەبوو لە دادگای فیدراڵی عیراق سکاڵا تۆمار دەکەن.
چەند ساڵێکە قائیمقامییەتی کەرکووک شوێنی دانانی ئاڵای کوردستانیان دیاری کردووە، کامیل سالەیی ئاڵاکەیشی ئامادەکردووە و تەنیا چاوەڕێی بڕیارێکی گشتگیر دەکات بۆ ئەو پرسە، رەنگە لەگەڵ پەسندکردنی لەئەنجومەنی پارێزگا، یەکەم فەرمانگەبن ئاڵاکەیان لەپاڵ ئاڵای عێراقەوە بەرزبکەنەوە.
کامیل سالەیی، قائیمقامی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەئومێدەوەین بڕیارێکی لەوشێوە بدرێت بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان لەپاڵ ئاڵای عێراق هەڵبدەین، بێگومان ئێمە شوێنەکەشیمان بۆی ئامادەکردووە، ئەمە شوێنی ئاڵای کوردستانە چەندین ساڵە دامان ناوە و چاوەڕوانین".
پێشنیازەکەی نەجمەدین کەریم بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێناوە، تورکمان و عەرەب دژی ئەو هەوڵەن و دەڵێن ئەنجوومەنی پارێزگا ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیار لەسەر ئەو پرسە بدات، لەئەگەری جێبەجێکردنیشی سکاڵا لەدادگای فیدراڵی تۆمار دەکەن.
حوسێن کەهییە، ئەندامی کوتلەی تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " ئێمە وەک تورکمان ئەو پێشنیازە رەتدەکەینەوە، لەڕووی ئیداری و یاساییەوە هیچ بنەمایەکی نییە، دەخوازین ئەو جۆرە بابەتانە بهێنرێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتنی لەسەر بکرێت، نەک کەسێک یان لایەنێکی دیاریکراو بڕیاری لەسەر بدات".
کورد سورە لەسەر پەسەندکردنی پێشنیازەکەی پارێزگار، دەیەوێت یەکەم بڕگەی دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگا، پرسی ئاڵای کوردستان بێت و بەلاشیەوە گرنگ نییە کوتلەی عەرەبی و تورکمانی دێنە دانیشتنەکەوە یان بایکۆتی دەکەن.
کاکەڕەش سدیق، سەرۆکی ئۆفیسی کەرکووکی ماددەی 140 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەسەر ئەو پرسە قبوڵ ناکەین، چونکە ئەوە ئاڵای کوردستانە و سازشی لەسەر ناکەین، ئەمریکییەکانیش بەئێمەیان وتووە کە دەبێ هەموو شتێکتان لەگەڵ حکومەتی عێراقی بە رێککەوتن بێت، بەڵام ئاڵای عێراقی هەیە، لێرەشەوە دەتوانین بەرامبەر بەوە ئاڵای کوردستان بەرزبکەینەوە، لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی جێ ناکۆکە".
پرسی ئاڵای کوردستان ئێستا بووەتە باسێکی گەرمی هاونیشتمانیانی کەرکووک و چاوەڕێ دەکەن ئەم هەنگاوە سەرەتای قۆناخێکی نوێی ئیدارەدانی کەرکووک بێت بۆ دوورکەوتنەوە لەبەغدا.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ