رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە موسڵمانانی جیهان، عێراق و كوردستان دەکات و رایدەگەیێنێت، "هیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم."
ئەمڕۆ پێجشەممە، 20-04-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم."
ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتەکە کۆبووەوە و بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان، مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بیندراوە، بۆیە بڕیاردارا سبەی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، "لەو بۆنە پیرۆزەدا هیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم و ئومێدی ئەوە دەخوازم خودای گەورە رۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ كردبێت و ئەو جەژنە ئارامی و ئاشتی و خێر و بەرەكەت بۆ گشت مرۆڤایەتی بەدی بهێنێت."
دەقی پەیامە پیرۆزباییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و عێراق و كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم.
لەو بۆنە پیرۆزەدا هیوای خۆشی و بەختەوەری بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم و ئومێدی ئەوە دەخوازم خودای گەورە ڕۆژوو و عیبادەتی هەموو موسڵمانانی قبووڵ كردبێت و ئەو جەژنە ئارامی و ئاشتی و خێر و بەرەكەت بۆ گشت مرۆڤایەتی بەدی بهێنێت.
مسعود بارزانی
29ـی ڕەمەزانی 1444ـی كۆچی
20ی نیسانی 2023ی زایینی



