رووداو دیجیتاڵ
دەقی بڕیاری لە سێدارەدانی عەجاج، یەکێک لە تاوانبارانی سەرەکیی دۆسیەی ئەنفال، بڵاوکرایەوە، بەگوێرەى دەقى بڕیارەکە، کە پشتى بە زیاتر لە 40 بڕگە و ماددەی یاسایی بەستووە، تۆمەتەکانی بریتی بوون لە کۆمەڵکوژی، دەستدرێژیکردنە سەر کچانی کورد و تاوانی رێکخراو دژی کورد.
بەگوێرەی دەقی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کە لە 14ی ئایار لە دژی عەجاج، یەکێک لە تاوانبارانی دۆسیەی ئەنفال دەری کردووە، سزاکەی لەسێدارەدانە، ئەو سزایە بە پشتبەستن بووە بە 30 بڕگەی یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و 10 ماددە و بڕگەی یاسای سزادانی عێراق.
عەجاج ئەحمەد حەردان زەعێتەر عوبێدی، کە وەک لە بڕیارەکەدا ناوی هاتووە، چەند تۆمەتێکی ئاراستەکراوە و بەسەریدا ساغ بوونەتەوە، وەک: کۆمەڵکوژی، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کوشتنی کەسانی دەستگیرکراو لە رێگەی برسیکردن، تینووکردن و ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی کەسوکاریان و منداڵەکانیان، دەستدرێژیکردنە سەر کچانی دەستگیرکراو لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان کە هەموویان 1068 کەس بوون.
لە بڕیاری دادگادا هاتووە، کە ئەو پرسە پڕۆژەیەکی تاوانکاریی رێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراو و فراوان بووە، کە تێیدا هاووڵاتیانی کوردی بەرکەوتووی هەڵمەتی ئەنفال بەئامانج گیراون.
بڕیارەکەی دادگا بۆ لەسێدارەدانی عەجاج لەلایەن پێنج دادوەری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە واژۆ کراوە.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە، کە دۆسیەکە راستەوخۆ دەنێردرێت بۆ دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بۆ ئەوەی لە ماوەی 10 رۆژدا لە دوای دەرکردنی بڕیارەکە وردبینی بۆ بکرێت، و تۆمەتبارەکە و بریکارەکەی دەتوانن لە ماوەی 30 رۆژدا لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە لە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان بدەن.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری سکاڵاکارانى دۆسیەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "هێشتا بڕیارەکە نەنێردراوە بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە و ئەوەی کە بڵاوکراوەتەوە کورتەکەیەتی، وردکاریی بڕیارەکە ماوە بنووسرێتەوە، کە گوتەی سکاڵاکاران و لێکۆڵینەوەی تێدایە."
دادگا بڕیاریشیداوە کە ماف بە سکاڵاکاران بدرێت داوای قەرەبوو لە بەردەم دادگایەکی مەدەنی بکەن، ئەگەر بڕیارەکەی دادگا پلەی کۆتایی وەرگرت.
ئەیاد کاکەیی رایگەیاند، بەنیازن داوای قەرەبووی زیانلێکەوتووانی ئەنفال لە دەوڵەت بکەن، نەک لە کەسیی عەجاج، بەوپێیەی کە تاوانەکە وەک رژێم بەرامبەر بە کورد کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ