مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە

20-08-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد، نوێنەرێکیان دەڵێت، بۆ ماوەی دوو کاژێر دەستبەسەریان کردووە و گوتوویانە لەبەر دۆخی هەولێر دەبێت کۆتایی بە خۆپێشاندانەکە بهێنن.
 
رۆژی یەکشەممە 20ی ئابی 2023 عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ نزیکەی 400 مامۆستای وانەبێژ چووینە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆئەوەی داوای دامەزراندن بکەین، لەگەڵ گەیشتنمان هێزێکی گەورەی ئەمنی رێگرییان کرد و گوتیان، نابێت خۆپێشاندان بکەن."
 
عەلی رەئووف دەڵێت، هێزەکە ئەو و دوو وانەبێژی دیکەیان بردووەتە بنکەی پۆلیسی خانەقا. گوتیشی، "لە بنکەکە دوو مامۆستاکەیان ئازاد کرد و منیان نزیکەی دوو کاژێر هێشتەوە؛ لە کاتێکدا لەوێ بووم خۆپێشاندانی وانەبێژان بەردەوام بوو، پۆلیس بە منیان گوت: دۆخی هەولێر باش نییە و بە وانەبێژان بڵێ خۆپێشاندانەکە کۆتایی پێبهێنن."
 
ئەو نوێنەرەی وانەبێژان گوتیشی، "ئێمە داوای مافێکی سەرەتایی خۆمانمان کردووە کە دامەزراندمانە و نەدەبوو بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت."
 
رۆژی شەممە 19ی ئابی 2023 عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی وانەبێژان لە زاخۆ تاوەکو خانەقین، بەشداری لە خۆپێشاندانی ناڕەزایی لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوای دامەزراندن دەکەن."
 
عەلی رەئووف گوتیشی، مامۆستای وانەبێژ هەیە 15 ساڵە وەکو وانەبێژ دەوام دەکات و نایەوێت بکرێتە گرێبەست و داوای ئەوان دامەزراندنیانە بەشێوەی هەمیشەیی.
 
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار و 542 مامۆستایە. مووچەی وانەبێژان لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە؛ کۆی پارەی مووچەی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە