رووداو - سلێمانی
ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی یەکێتی کۆتاییانهاتووە و هۆڵی کۆنگرە ئامادەکراوە، سێ سەرچاوەی تایبەتی نێو یەکێتی بۆ رووداویان پشتڕاستکردەوە بڕیاری کۆتایی دراوە و کۆنگرە لەکاتی خۆی ئەنجامدەدرێت.
رۆژێک بەر لەکۆنگرە، یەکێتی چەند بەربەستێکی هاتەبەردەم، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداریدا کە رێگە بەکەسانی سەربازی و ئەمنی نادات کادیری حیزبی بن، بەپێی زانیارییەکانی رووداو یەکێتی روونکردنەوەی داوەتە کۆمیسیۆن کە 100ئەندامەکەی ئەوان لە سلکی سەربازی و ئەمنین لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەپێی بڕگەیەکی ئەو یاسایە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی هەیە، تەنیا ئەو ئەندامانەی ئەفسەری سوپا و پۆلیسی عێراقن ناچنە کۆنگرەوە.
پێش چەند مانگێک لەبەستنی کۆنگرە، لیژنەی ئامادەکار پەیڕەوێکیان داڕشتووە کە جگە لەئەنجوومەنی گشتی، سێ ئەنجوومەنی لێ دیاری دەکرێ، دەستپێکی کۆنگرەی سبەینێش بەپەسندکردنی ئەو پەیڕەوە دەبێت.
پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند "زۆربەی بابەتەکان کۆدەنگی لەسەرە، هەیە جێگەی ناکۆکییە و بیروڕای جیاوازی لەسەرە کە دەکرێ ئەوانەش لەکۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و رێککەوتنی لەسەر دەکەین یان گۆڕانکاری تێدا دەکەین".
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لەهۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەتاسڵووجە ئەنجامدەدرێت و بەگوتاری کۆسرەت رەسوول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و ئامادەبوونی میوانانی نێوخۆیی و هەزار ئەندامی یەکێتی دەستپێدەکات.
بڕیارە لەدوای دیاریکردنی 121 ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتی ئیدی تەنیا لەچەند رۆژێکدا کارەکانی هەڵبژاردنی دوو ئەنجوومەنی رێسادانان و سەرۆکایەتی تەواوبکات. ئەنجوومەنێکی نوێش بەناوی دانایان کە ئەوانەن خۆیان بەربژێر ناکەنەوە و پێشتر لەسەرکردایەتی بوون دیاریدەکرێن.


